39 ساڵە هێمن بەجەستە مردووە و بە فكر لەناوماندا دەژی

:: AM:08:54:17/04/2025 ‌
ئەمڕۆ، 39 ساڵ بەسەر كۆچی دوایی هێمن موكریانیی شاعیر و نووسەری دیاری كورد تێدەپەڕێت، هێمن كۆڵەكەیەكی سەرەكیی ئەدەبی نوێی كوردە و كاریگەریی لەسەر چەندان نەوەی دوای خۆی بەجێهێشتووە.

هێمن موكریانی ناوی تەواوی سەید محەمەد ئەمین سەید حەسەنی شێخوئیسلامی موكرییە، لە  ساڵی 1921 لە شەوی جەژنی بەرات لە گوندی لاچینی سەربە شاری مەهابادی ڕۆژهەڵاتی كوردستان لە دایك بووە.

لە سەردەمێكدا لە دایك دەبێت كە تازە شەڕی یەكەمی جیهانی كۆتایی هاتبوو و دەسەڵاتی ئێران كەوتبووە دەست ڕەزاخانی پەهلەوی شای ئێران، كە بە هاوتای ئەتاتورك لە توركیا دادەنرێت. بەپێی ئەو ئەركەی پێیان سپێردراوە، هەوڵی تواندنەوە و لەناوبردنی ناوچەكە دەدەن. ڕەزاخان لە سەرەتای بە دەسەڵاتگەیشتنیدا، دەست بە تواندنەوەی گەلانی ئێران دەكات و وەك جلوبەرگ و زمانی نەتەوەكانی تری ناو جیۆگرافیای ئێران، پۆشینی جلوبەرگی كوردی قەدەغە دەكات و بە دامەزراندنی خوێندنگە حكوومییەكان، هەوڵی سڕینەوە و لەناوبردنی زمانی كوردی دەدات.

ھێمنی شاعیر لەم كەشوھەوایەدا گەورە دەبێت، بەشخوراویی و كۆیلایەتیی مرۆڤ وەك خوێن لە مێشك و دەمار و ئێسك و پێستیدا دەگەڕێ و دەبێتە سەربەندی ژیانی.

هێمن لە تەمەنی 17 ساڵیدا واز لە خوێندن دەهێنێت و لە گوندەكەی خۆیان خەریكی كاری كشتوكاڵ دەبێت، كاتەكانی شەوی بە خوێندنی پەرتووك و نووسینەوەی شیعر دەباتە سەر، بەڵام باوكی پێی دەزانێ و دەفتەری شیعری دەسووتێنیت.

لەو سەردەمەدا تازە ناوی "كۆمەڵەی ژێ كاف" دەكەوێتە سەر زمانەكان كە لە مەهاباد دامەزراوە، هێمن پێوەندیی بە كۆمەڵەكەوە دەكات و لەناو كار و خەباتی سیاسیدا جێ دەگرێت، وەك پێشمەرگە دەبێتە ئەندامی كۆمەڵەی ژێ كاف، ناوی هێمنـیش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ئەندامبوونەی كە لە كۆمەڵەكە و لەو سەردەمەدا ئەندامەكان هەڵیانبژاردبوو.

هێمن، لە ساڵی ١٩٥٣دا و لە سەروبەندی كودەتای سەربازیی لە ئێراندا، لە گردبوونەوەیەكدا لە ناوەندی مەهاباد، شیعری "دەبڕۆ ئەی شاهی خائین، بەغدا نیوەی ڕێت بێ" دەخوێنێتەوە، بەو هۆیەوە قاچاخ دەبێت و ماوەیەكی درێژ بە چیاكانەوە دەبێت و دەچێتە باشووری كوردستان، ماوەیەكیش لە بەغدا وەك پەنابەر ژیان دەكات و بە دەستپێكردنی ناڕەزایەتییەكان لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی كوردستان، لە ساڵی ١٩٧٩ دەگەڕێتەوە بۆ شاری مەهاباد.

دوای سەركەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران دژی دەسەڵاتی پاشایەتی لە ئێراندا، هێمن لە ساڵی ١٩٨٥ لە شاری ورمێ، بەردی بناغەی گۆڤاری سروە دادەنێت و یەكەم ژمارەی گۆڤارەكە لە سەرەتای ھاوینی ئەو ساڵەدا بڵاو دەبێتەوە، ھێمن لەوبارەیەوە دەڵێت:‌ "ئومێدەوارم ئەم سروەیە ھەر بێ و ھەر دڵان ببووژێنێتەوە و ھەر گوڵان بگەشێنێتەوە و ھەر دڵی كوردان خۆش بكات".

تێمای شیعرەكانی هێمن لە دەوری ژان و ئازاری گەلەكەی و ئەڤین و ئەڤینداریدا دەسووڕێتەوە، دەست دەخاتە سەر ژان و ناسۆری نەتەوەكەی و ڕۆح بەبەر وشەدا دەكات. هاوكات شیعرەكانی مامۆستا هێمن لەلایەن زۆر لە گۆرانیبێژە دیارەكانی كوردەوە كراون بە گۆرانی.

ئەم شاعیرە گەورەیەی كورد لە ١٧ـی نیسانی ١٩٨٦ لە شاری ورمێ لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان‌ كۆچی دوایی كرد‌ و لەسەر ڕاسپاردەی خۆی لە گۆڕستانی بوداق سوڵتانی شاری مەهاباد بەخاك سپێردرا.




وشە - سۆران عەزیز