ئەمڕۆ پارتی و یەكێتی كۆ دەبنەوە

:: AM:09:05:17/04/2025 ‌
بڕیارە ئەمڕۆ شاندێكی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە سلێمانی كۆببنەوە، كۆبوونەوەكەش بۆ گفتوگۆ لەبارەی دابەشكردنی پۆستەكان لە كابینەی 10ـی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە.

ئەمڕۆ پێنجشەم 17ـی نیسان، بڕیارە شاندێكی پارتی دیموكراتی كوردستان، سەردانی سلێمانی بكات و لەگەڵ شاندی دانوستانكاری یەكێتی كۆ ببنەوە.

دوێنێ‌ سەمیر هەورامی گوتەبێژی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رای گەیاند، كۆبوونەوەكانی نێوان یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان، بۆ گفتوگۆكردن لەسەر پێكهێنانی كابینەی نوێ‌ حكوومەتی هەرێم بەردەوامە.

زیاتر گوتی، جارێكی تر هەردوولا بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی پۆستەكانی كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێم لە سلێمانی كۆ دەبنەوە.

رۆژی سێشەم دوای كۆبوونەوەی هەردوو حزب، لە راگەیەنراوی هاوبەشی پارتی و یەكێتیدا بڵاو كرایەوە، لە بارەگای مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پیرمام، هەردوو شاندی دانوستانكاری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان كۆبوونەوە و لەبارەی حكوومەتی نوێ گفتوگۆیان كرد. 

ئاماژە بەوەش كراوە، لە كۆبوونەوەكەدا كە لە كەشێكی دۆستانە و ئەرێنیدا بەڕێوەچوو، گفتوگۆ لەبارەی هەنگاوەكانی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەت كرا، هەنگاوی ئەرێنی و بەرەوپێشچوونی باش هەبوو. لە رۆژانی داهاتوودا كۆبوونەوەكان بەردەوام دەبن.

لە ماوەی رابردوودا پارتی و یەكێتی لە ڕێگەی لیژنەكانیانەوە بۆ پێكهێنانی كابینەی داهاتووی حكوومەت، رەشنووسێكیان ئامادە كردووە و بڕیارە لە داهاتوودا بڕیاری كۆتایی لەبارەی پێكهێنانی حكوومەت بدرێت.



وشە - رامیار جەواد