ئەمساڵ جووتیاران لە رێگەی ماستەر كارتەوە پارەی گەنم وەردەگرن

:: AM:10:00:17/04/2025 ‌
لەگەڵ نزیكبوونەوەی وەرزی بەبازاڕكردنی گەنمی جووتیاران، بڕیارە عێراق بە رێگەی ئەلیكترۆنی شایستە داراییەكانیان دابەش بكات، لە مانگی یەكی ئەمساڵیش دەست كراوە بە دروستكردنی هەژماری بانكی.

ئەمڕۆ پێنجشەم، حەیدەر نووری بەڕێوەبەری گشتیی كۆمپانیای بازرگانیی دانەوێڵە رای گەیاند، ئامادەكاری بۆ وەرزی بەبازاڕكردنی گەنمی جووتیاران كراوە.

زیاتر گوتی، ئێستە لە پارێزگاكانی كەركووك و سەماوە و میسان، بارهەڵگری تایبەت بە گواستنەوەی دانەوێڵە دابین كراوە و ئەوەش بۆ خزمەتی جووتیارانە.

ئاماژەی بەوەش كرد، بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، نرخی هەر تۆنێك گەنم بە 850 هەزار دینار دیاری كراوە، بڕیارە كارتی بانكی بۆ جووتیاران دروست بكرێت و شایستە داراییەكانیان بەشێوەی ئەلیكترۆنی پێ بدرێت.

روونی كردەوە، لە سەرەتای ئەمساڵ دەست كراوە بە دروستكردنی كارتی بانكی بۆ جووتیاران، ئەوەش بەمەبەستی كارئاسانییە بۆ جووتیاران تا بتوانن شایستە داراییەكانیان بەخێرایی و بەبێ‌ بەربەستی ئیداری وەربگرن.

ئەمساڵ بەهۆی وشكەساڵییەوە پێشبینی دەكرێت رێژەی گەنمی عێراق زۆر دابەزێت، چونكە بە گوتەی بەرپرسانی وەزارەتی بازرگانی، ساڵی رابردوو نزیكەی شەش ملیۆن تۆنیان هەبووە، بەڵام بۆ ئەمساڵ پێشبینی دەكرێت ئەو رێژەیە دابەزێت بۆ چوار ملیۆن تۆن.

هاوكات پشكی هەرێمی كوردستان بە بڕی 450 هەزار تۆن دیاری كراوە، حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش بۆ ئەوەی جووتیاران زیانیان پێ‌ نەگات، ساڵانە ئەو بڕە گەنمە دەكڕێتەوە كە جووتیاران لەلایەن عێراقەوە لێیان وەرناگیرێت.



وشە - رامیار جەواد