مووچە بێ‌ كێشەیە و پێشنیاریش بۆ خانەنشینی هەیە

:: PM:12:07:17/04/2025 ‌
پێشنیار بۆ چارەسەری كێشەی ئەو خانەنشینە نوێیانەی تا ئێستە مووچەیان وەرنەگرتووە دەكرێت. پەرلەمانتارانیش دەڵێن ئێستە لیستی مووچە بێ‌ كێشەیە.

ئەمڕۆ پێنجشەم 17ـی نیسان، نەرمین مەعرووف ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رای گەیاند، ئێستە لەسەر داواكاریی بەغدا، لیستی مووچە بە سیستمی پەیرۆڵ دەنێردرێت، ئەمەش ئاسانكاری بۆ پرۆسەی ناردنی لیستەكە دەكات و كاتێكی زۆر بۆ وردبینی دەگەڕێنێتەوە.

زیاتر گوتی، پێویستە ئێستە پەلە بكرێت لە تەواوكردنی مامەڵەی خانەنشینانی هەرێمی كوردستان، چونكە نزیكەی پێنج مانگە مووچەیان وەرنەگرتووە، بۆیە دەكرێت حكوومەتی هەرێمی كوردستان و عێراق، پڕۆژەیەك ئامادە بكەن تایبەت بە پێدانی بڕە پارەیەك بە خانەنشینان تا مامەڵەكانیان تەواو دەكرێت.

هاوكات موسەنا ئەمین ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رای گەیاند، ئێستە كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق لە رێگەی دادگای فیدراڵییەوە چارەسەر كراون و پێوەندییەكانی نێوان هەردوولا ئاڵۆز نین و ئاسایین.

زیاتر گوتی، ئەو كێشانەی تایبەت بە پرسی مووچە بوونیان هەبوو، ئێستە چارەسەر بوون و ئەو كێشانەی لەبارەی وەرگرتنی داهاتی ناوخۆ و سەرە مووچە لە كۆتایی مانگدا دروست دەبن، كێشەی سیاسیی نین و كێشەی هونەرین.


وشە - رامیار جەواد