مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پێشوازیی لە باڵوێزی ئەڵمانیا لە عێراق كرد، هەوڵەكانی پێكهێنانی كابینەی دەیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان تاوتوێ كرا، هەردوولا كۆك بوون لەسەر ئەوەی پێویستە كابینەیەكی بەهێز و یەكگرتوو پێكبێت.
ئەمڕۆ پێنجشەم 17ـی نیسان، مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پێشوازیی لە كریستیانە هۆمان باڵوێزی ئەڵمانیا لە عێراق كرد.
لە كۆبوونەوەكەدا هەوڵەكانی پێكهێنانی كابینەی دەیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان تاوتوێ كرا، هەردوولا كۆك بوون لەسەر ئەوەی پێویستە كابینەیەكی بەهێز و یەكگرتوو لە نزیكترین كات و بەر لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پێكبهێنرێت.
هەروەها دووپاتیان لە گرنگیی نەهێشتنی كێشە و ئاستەنگ و بیانووەكانی بەردەم دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان كردەوە.
باڵوێزی ئەڵمانیا پشتیوانیی وڵاتەكەی بۆ هێزی پێشمەرگە و هەرێمی كوردستان خستەڕوو و خواستی پەرەپێدانی زیاتری پێوەندیی دوولایەنەی دووپات كردەوە.
لە بەشێكی تری كۆبوونەوەدا، بیروڕا لەبارەی دۆخی گشتیی عێراق و دوایین گۆڕانكاری و پەرەسەندنەكانی ناوچەكە ئاڵوگۆڕ كرا.