كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق، بزووتنەوەی گۆڕانی ئاگادار كردووەتەوە كە ئامادەبن و لە ڕۆژی 26/4دا، كۆنفرانسی بزووتنەوەكە لە سلێمانی گرێ دەدرێت.
ئەمڕۆ پێنجشەم 17ـی نیسان، گۆڕانی كوردسات بڵاوی كردەوە، بەپێی نووسراوی ژمارە (س/491) لە (17ی 4ی 2025)، ئۆفیسی سلێمانیی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق، بزووتنەوەی گۆڕانی ئاگادار كردووەتەوە كە ڕۆژی (26ی 4ی 2025) كۆنفرانسی گۆڕان لە سلێمانی گرێ دەدرێت، بۆ ئەو مەبەستەش وەك بزووتنەوەی گۆڕان ئامادەبن.
بەپێی راگەیەنراوی گۆڕانی كوردسات، كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان داوا لە بزووتنەوەی گۆڕان دەكات، هاوئاهەنگی لەگەڵ فەرمانگەی كاروباری پارتە سیاسییەكان بكات بۆ ئامادەكاری بەستنی كۆنفرانس.
نووسراوەكەی كۆمسیۆن، پشتی بەستووە بە نووسراوی ژمارە (ش.ح/خ 1055)، لە (16ی 4ی 2025) فەرمانگەی پارت و ڕێكخراوەكان و فەرمانی ئەنجوومەنی كۆمسیاران ژمارە (م3 الاستسنائی 11) لە (9ی 4ی 2025).
پێشتریش بزووتنەوەی گۆڕان لە بەیاننامەیەكدا لە (9ی 4ی 2025)، ئامادەیی خۆی دەربڕیبوو بەپێی یاسا و ڕێنوێنییەكان، چاوەڕێی وادەی نوێی بەستنی كۆنفرانس دەبن كە لەلایەن كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق سەرپەرشتی بكرێت.
گۆڕانی گردەكە هەفتەی رابردوو كۆنفرانسی بەست و لە بەیاننامەیەكیشدا رایان گەیاند، هەر لایەن و میدیایەك جگە لەوان بەناوی گۆڕان لێدوان بدات، ئەوا سكاڵای لەسەر تۆمار دەكەن.