سەرۆکی دەستەی دەسپاکی رای گەیاند، زۆرێك رقیان بەرانبەر دەستەی دەسپاكیی هەرێمی كوردستان هەیە، ئەوە هۆكار بووە كە ناوزڕاندن بە بەشێك لە فەرمانبەرانمان بكرێت و بە فۆتۆشۆپ دەسكاری وێنەكانیان بكرێت. دووپات لەوە دەکاتەوە، ئەوەی بەوەكالەت دادەنرێ، دەسەڵاتی منە، كاتێك لە سۆشیال میدیاوە قسە بە سەرۆكی حكوومەت دەگوترێت هیچ پێوەندیی بەوەوە نییە، چونكە پێشێلكاریی یاسا لای ئێمە قبووڵكراو نییە.
د.ئەحمەد ئەنوەر سەرۆكی دەستەی دەسپاكیی هەرێمی كوردستان رای گەیاند، كەیسەكانی گەندەڵی لە سلێمانی زیاترە، بەڵام لێكۆڵینەوەی زۆر دەكرێت و 451 كەس لەسەر گەندەڵی سزا دراون، كە یەكێك لەوانە وەزیری پێشووتری شەهیدانە و بە ئامادەنەبوو سزا درا، لەگەڵ بریكاری پێشووی وەزیری دارایی.
"پێویستە پەرلەمانی كوردستان دەستبەكار بێت".
ئەمڕۆ پێنجشەم 17ی نیسان، د.ئەحمەد ئەنوەر سەرۆكی دەستەی دەسپاكیی هەرێمی كوردستان لە چاوپێكەوتنێكی تەلەڤزیۆنیدا رای گەیاند، لە ماوەی تەنیا شەش مانگی رابردوودا هەموو حزبەكان و ئەوانەی بەشدارییان لە هەڵبژاردندا كرد، هەموو دروشمی چاكسازییان بەرز كردەوە، كەسیان نكوڵییان لە بوونی گەندەڵی نەكردووە.
ڕوونیشی كردەوە، پێویستە پەرلەمانی كوردستان دەستبەكار بێت، لێكۆڵینەوە بكات لەوەی كام دامەزراوە بە ئەركی خۆی هەڵنەستاوە، هەروەها بزانن كە دەسەڵات و تاوانەكان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لای دەستەی دەسپاكی چۆنە، "كێشەی گەورمان ئەوەیە كە دەسەڵات نەدراوە بە دەستەی دەسپاكی، لێكۆڵەر دابمەزرێنێ".
"21 لێكۆڵەرمان هەیە، هەر یەكێك لەوانە 40 بۆ 50 كەیسی گەندەڵی بەڕێوە دەبن".
سەرۆكی دەستەی دەسپاكی ئەوەیشی گوت، تا ئێستە 21 لێكۆڵەرمان هەیە كە هەر یەكێك لەوانە 40 بۆ 50 كەیسی گەندەڵی بەڕێوە دەبەن و زۆر لە سەرووی توانای خۆیان كار دەكەن. سەرۆكی دەستەی دەسپاكی گوتی، دامەزراوەكە لە باڵەخانەیەك دایە لە هەولێر بۆ تێكدان ئامادە دەكرا.
هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، 451 كەس لەسەر گەندەڵی سزا دراون، كە یەكێك لەوانە وەزیری پێشووتری شەهیدانە و بە ئامادەنەبوو سزا درا، لەگەڵ بریكاری پێشووی وەزیری دارایی، ئێستە 18 وەزیر دۆسیەی گەندەڵی هەیە، 30 بەڕێوەبەری گشتیش لە گەندەڵی تێوەگلاون.
"كاتێك كەیسێك دەبێتە سزایی، هەموو ئەوانە لە دەسەڵاتی دادوەرەكانە و ئەوەی دوای بڕیاری دادوەر بۆ دەسپاكی دەمێنێتەوە تەنیا تانەدانە لەڕێی فەرمانبەرانی یاسایی خۆمان، لە كۆی پێنج خولی پەرلەمانی كوردستان دەسەڵاتی وەزیرێك وەرنەگیراوەتەوە، بۆیە كەیسەكانی گەندەڵی دواجار لەلایەن دادوەرەكانەوە بڕیاری كۆتایی لێ دەدرێت". د.ئەحمەد ئەنوەر وای گوت.
لە بەشێكی تری قسەكانی گوتی، من بۆ چوار ساڵ هەڵبژێردرام بۆ سەرۆكی دەستەكە، بەڵام دواتر لە 2017 پەرلەمان تێكچوو، چەندان جار پەرلەمانم ئاگەدار كردووەتەوە كە ماوەی یاساییم تەواو بووە و ئەوان هیچیان نەكرد.
هەروەها هێمای بۆ ئەوە كرد، ئێستە سێ كەیسی زیادبوونی سەروەت و سامانی بەرپرسان رەوانەی دادگاكان كراون.
لەبارەی ستراتیجی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵیش كە ساڵی رابردوو بە ئامادەبوونی مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان خرایە ڕوو گوتی، ستراتیجەكە زۆر گرنگ و وردە، لە ماوەی رابردووشدا میساقی نێوان حزبەكانمان لەگەڵ هەمووان واژوو كرد جگە لە نەوەی نوێ كە واژووی نەكردووە.
"دادوەرەكان لە دهۆك و هەولێر جیا لە بینینی كەیسی گەندەڵی كاری تر دەكەن".
لەبارەی تەرخانكردنی دادگایەكی تایبەتمەند بە گەندەڵی گوتی، لە 2018وە داوای دادگایەكی تایبەتمەند بە گەندەڵی دەكەم، بڕیاری بۆ دەرچوو، دوای چوار مانگ بە بڕیاری سەرۆكی ئەنجوومەنی دادوەری هەڵوەشێنرایەوە، كە بەو هۆیەوە زۆرینەی وڵاتان لەسەر ئاستی كونسوڵگەکان پێوەندییان پێوە كردووم.
هەروەها گوتی، دادوەرەكان لە دهۆك و هەولێر جیا لە بینینی كەیسی گەندەڵی كاری تر دەكەن، لەگەڵ ئەوەیش لە سلێمانی كەیسی گەندەڵیمان زیاترە.
"زۆرێك رقیان بەرانبەر دەستەی دەسپاكی هەرێمی كوردستان هەیە".
لەبارەی كەیسێكی ئەنجوومەنی باڵای خانمان كە لە دەستەی دەسپاكیی هەرێمی كوردستان لێكۆڵینەوەی تێدا دەكرێ، سەرۆكی دەستەكە گوتی، ئەو كەیسە لە ماوەی ساڵانی رابردوو هەبووە، ئێستە وای لێ هاتووە، حكوومەت كەیسمان بۆ دەنێرێت، متمانەی زۆر بە دامەزراوەكە دروست بووە، بەڵام توانامان سنووردارە.
لە بەشێكی تری قسەكانی گوتی، زۆرێك رقیان بەرانبەر دەستەی دەسپاكی هەرێمی كوردستان هەیە، ئەوە هۆكار بووە كە ناوزڕاندن بە بەشێك لە فەرمانبەرانمان بكرێت و بە فۆتۆشۆپ دەسكاری وێنەكانیان بكرێت، بۆیە ئەوەی بەوەكالەت دادەنرێ دەسەڵاتی منە، مەرجی بەڕێوەبەری گشتی 10 ساڵ خزمەت و بڕوانامەی بەکالۆریۆسە، كاتێك لە سۆشیال میدیاوە قسە بە سەرۆكی حكوومەت دەگوترێت، هیچ پێوەندیی بەوەوە نییە، چونكە پێشلكاری یاسا لای ئێمە قبووڵكراو نییە.