یەكێتی تۆپی پێی عێراق هەوڵەكانی سەرۆك بارزانی بەرز دەنرخێنێت لە پاڵپشتی یانەی دهۆك

:: AM:11:19:18/04/2025 ‌
سەرۆكی یەكێتی تۆپی پێی عێراق هەوڵەكانی سەرۆك بارزانی بەرز دەنرخێنێت، ئەمەیش  دوای ئەوەی دوێنی پێشوازی لە یانەی دهۆك كرا لەلایەن سەرۆك بارزانییەوە بەبۆنەی بەدەستهێنانی نازناوی قارەمانیەنێتیی جامی كەنداو. 

کاپتن عەدنان دەرجال سەرۆكی یەکێتی تۆپی پێی عێراق "سوپاسی دڵسۆزانە و پێزانینی گەورەی" خۆی بۆ سەرۆك  بارزانی دەربڕی، ئەمەیش بۆ پێشوازیکردن لە تیپی تۆپی پێی دهۆک، براوەی پاڵەوانێتی یانەکانی کەنداو و ڕێزلێنانیان لە بەرانبەر ئەو هەوڵانەی لە چالاکییە گرنگەکەی کەنداودا داویانە.

بەپێی قسەكانی دەرجال ئەم گرنگی پێدانە گەورە و بەردەوامە، وای كرد یانەی دهۆك بگات بەم سەركەوتنە گەورە و ئاماژەیشی دا كە هەرگیز ئەم سەركەوتنە بە دەست نەدەهات ئەگەر ئەم گرنگیدانە بەردەوامە بە وەرزش و گەنجەكان نەبوایە. 

ئەم قسانەی سەرۆكی یەكێتی تۆپی پێی عێراق دوای ئەوە دێت، دوێنی پێنجشەم لە سەڵاحەدین سەرۆك مەسعوود بارزانی، پێشوازیی لە بەڕێوەبەر و یاریزانان و ستافی یانەی وەرزشیی دهۆك كرد.

لە دیدارەدا كە د. عەلی تەتەر پارێزگاری دهۆكیش ئامادە بوو، سەرۆك بارزانی بە گەرمی بەخێرهاتنی یانەی وەرزشیی دهۆكی كرد و پیرۆزبایی سەركەوتن و بەدەستهێنانی قارەمانێتیی جامی كەنداوی لێ كردن، دەستخۆشی لە یاریزانان و ستاف و بەڕێوەبەر و هەموو ئەوانە كرد كە ڕۆڵیان لەو سەركەوتنە مێژووییەدا هەبووە.

بەگوێرەی هەواڵی بارەگای بارزانی، سەرۆك بارزانی ئاماژەی بە ڕۆڵی وەرزش و وەرزشوانان لە ژیانی گەلان دا و ئەوەشی خستەڕوو، ئێوە دەتوانن لە سیاسەت زیاتر و باشتر دۆزی گەلەكەتان بە دنیا بناسێنن.

هەر لەو دیدارەدا شاندی میوان سوپاسی پاڵپشتی و خەمخۆریی سەرۆك بارزانییان كرد و ڕایان گەیاند، پاڵپشتییەكانی سەرۆك بارزانی ئیرادەی سەركەوتن و ورەی زۆری پێ بەخشیون و ئەو سەركەوتن و جامەی بە دەستیان هێناوە، وەك دیاری پێشكەشی سەرۆك بارزانیی دەكەن.


وشە - پۆڵا مەحموود