دوای ئەوەی سێ هاووڵاتی كوردستان لەلایەن باندەكانی بازرگانی بە مافی مرۆڤەوە دەخەڵەتێنرێن و بێ پارە و پاسپۆڕت لە مالیزیا گیریان خواردبوو، گەڕێنرانەوە هەرێم.
لە راگەیەنراوێكی فەرمانگەی پێوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا هاتووە، بە هەوڵی فەرمانگەی پێوەندییەكانی دەرەوە سێ هاووڵاتی هەرێمی کوردستان کە ببوونە قوربانی ئەو باندانەی بازرگانی بەمرۆڤ دەکەن لە مالیزیاوە گەڕێندرانەوە هەرێم.
لە راگەیەنراوەكە ئاماژە دراوە، لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوو لە ڕێگەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی، سێ هاووڵاتی هەرێمی کوردستان کە ببوونە قوربانی ئەو باندانەی بازرگانی بە مرۆڤەوە دەکەن هانایان بۆ فەرمانگەی پێوەندییەكانی دەرەوە هێنا کە لەوێ فێڵیان لێکراوەو گیریان خواردووەو بێ پارەو پاسپۆرت و شوێن ماون و لەدۆخێکی زۆر سەختدان.
فەرمانگە روونی كردووەتەوە، ئەم سێ هاووڵاتییە لەلایەن باندێک هەڵخەڵەتێنرابوون گوایە لە ڕێگەی وڵاتی مالیزیاوە ڕەوانەی ئەوروپایان دەکەن. بەڵام دواتر دەرکەوتووە بەڵگەنامەکان ساختەن و لەفڕۆکەخانە گیریان خواردبوو.
فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە هەر زوو بەدواداچوونی بۆ کێشەی ئەم سێ هاووڵاتییە کردو لەڕێگەی دامەزراوە فەرمییەکانی ئەو وڵاتە و هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی عیراق لە مالیزیا توانی سۆراخیان بکات و پاسپۆرتی گەڕانەوەیان بۆ دەستەبەر بکات. یەکێکیان گەیشتەوە هەرێمی کوردستان و دوو هاوڵاتییەکەی تر کارەکانیان تەواو بووە و لەدەرفەتێکی نزیک ڕەوانەی هەرێمی کوردستان دەکرێنەوە.
لە بەشێكی راگەیەنراوەكەدا هاتووە، فەرمانگەی پێوەندییەكانی دەرەوە سوپاسی وەزارەتی دەرەوەی فیدڕاڵ و باڵیۆزخانەی عیراق لە مالیزیاو ستافەکەی دەکات کە هاوکارمان بوون بۆ بەهاناچوونی ئەو سێ هاووڵاتیەی هەرێمی کوردستان.