رۆژنامه‌ى نه‌هارى لبنانى، ئه‌مڕۆ له راپۆرتێكدا پێشبینیى ئه‌وه ده‌كات دواى ئه‌و هاندانه نێوده‌وڵه‌تییه‌ى بۆ پێكهێنانى حكوومه‌تی هه‌رێم هه‌بووه، حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان به سازانێكى ستراتیجى راده‌گه‌یه‌نرێت. ئه‌و رۆژنامه‌یه باس له‌و هێڵه سیاسییه‌ش ده‌كات كه له دانوستاندنه‌كانى پارتى و یه‌كێتى تاوتوێ ده‌كرێن.
ئه‌مڕۆ شه‌موو 19ى نیسان، رۆژنامه‌ى
نه‌هار راپۆرتێكى له‌سه‌ر پێكهێنانى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بڵاو كردووه‌ته‌وه به ناونیشانى، "راگه‌یاندنى حكوومه‌تى هه‌رێمى به‌منزیكانه ده‌بێت، سازانێكى ستراتیجى دواى هاندانێكى نێوده‌وڵه‌تى" . له راپۆرته‌كه باس له‌و هاندانه نێوده‌وڵه‌تییه ده‌كات كه به‌تایبه‌تى ئه‌مه‌ریكا بۆ پێكهێنانى حكوومه‌تى هه‌رێمى هه‌یبووه، چونكه خاڵى گرنگ به‌لاى ئه‌مه‌ریكاوه ئه‌وه‌یه به‌رهه‌مهێنانى حكوومه‌تێكى باش له هه‌رێم، كاریگه‌ریى ئه‌رێنیى بۆ سه‌ر ناوچه‌كه هه‌یه.
رۆژنامه‌كه بۆ ئه‌م خاڵه لێدوانێكى تامى برۆسى گوته‌بێژى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مه‌ریكاى هێناوه‌ته‌وه كه ده‌ڵێ، "پێكهێنانى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له به‌رژه‌وه‌ندیى دۆخى ته‌ناهیى ناوچه‌كه ده‌بێت".
له به‌شێكى تر‌ى راپۆرته‌كه‌دا باس له‌وه كراوه، هه‌ردوو سه‌رۆكایه‌تیى هه‌رێمى كوردستان و حكوومه‌تى هه‌رێم، بۆ پارتى ده‌بێت به نۆ وه‌زاره‌ته‌وه، سه‌رۆكایه‌تیى په‌رله‌مان و جێگرانى سه‌رۆكایه‌تییه‌كانى تر بۆ یه‌كێتى ده‌بێت له‌گه‌ڵ شه‌ش وه‌زاره‌ت. دووپات له‌سه‌ر به‌شداربوونى پێكهاته‌كانى تر‌ى هه‌رێمى كوردستانیش كراوه له حكوومه‌تى داهاتوو وه‌ك توركمان و مه‌سیحى.
جیا له دابه‌شكردنى پۆسته‌كان، خاڵێكى گرنگ له راپۆرته‌كه‌دا ئه‌وه‌یه، رۆژنامه‌كه باسى له‌وه كردووه له چه‌ند مانگى رابردوودا دۆسیه‌كان به‌سه‌ر سێ ئاست دابه‌ش كراون و گفتوگۆیان له‌سه‌ر كراوه، یه‌كه‌میان شێوازى به‌ڕێوه‌بردنى دۆسیه‌ى ئابوورى ناوخۆ و به‌تایبه‌تى نه‌وت، دووه‌م شێوه و میكانیزمى بڕیاردانى ستراتیجى له هه‌رێم له چوارچێوه‌ى عێراقى فیدراڵى، ئاستى سێیه‌میش دۆسیه‌كانى ناوچه‌كه به‌تایبه‌تى ئه‌وه‌ى پێوه‌ندیى به كورده‌وه هه‌یه له سووریا و توركیا و ئێران.