وادەی پێشانگەی نێودەڵەتیی كتێب لە هەولێر درێژ كرایەوە

:: PM:04:18:19/04/2025 ‌
پێشانگەی نێودەوڵەتیی كتێب لە هەولێر كە ئەمڕۆ كۆتا رۆژیەتی، بڕیاری درێژكردنەوەی وادەكەی درا تا سەعات 10ی شەو. 

ئەمڕۆ شەموو 19ی نیسان، پۆڵا مەحموود نێردراوی "وشە" لە پێشانگەی نێودەوڵەتیی كتێب لە هەولێر پێی راگەیاندین، بەگوێرەی بڕیاری ئیدارەی پێشانگەكە، بڕیار بوو سەعات هەشتی ئێوارەی ئەمڕۆ پێشانگەكە بەكۆتا بێت، بەڵام وادەكە ی درێژ كرایەوە تا سەعات 10ی شەو. 

پۆڵا مەحموود گوتی، ئەمڕۆ كۆتا ڕۆژی پێشانگەكەیە كە خوێنەری زۆر روویان لە كڕینی كتێب كردووە، لە خانەكانیشدا داشكانی زۆر بۆ كتێبەكان كراوە. 

17 ساڵە پێشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ كتێب بەردەوامە، لەم 17 ساڵەدا سەرۆك بارزانی وەك پڕۆژەیەكی كولتووری گەورەی كوردستان سەرپەرشتیی كردووە و هاوكار بووە تا كتێب ببێتە كولتووری نەوەی داهاتووی كورد.


 60 كتێبخانەی هەرێمی كوردستان لە پێشانگەكە بەشدارن كە زیاتر لە 35یان زۆرترین كتێبەكانیان ئاینین. 350 كتێبخانەی 22 وڵاتیش بەشدارن كە زیاتر لە 120 كتێبخانەیان تەنیا كتێبی ئاینییان هەیە.
 
زیاتر لە یەك ملیۆن ناونیشانی جیاواز لە پێشانگەی نێودەوڵەتی هەولێر بۆ كتێب بەردەستن، پێشانگەكەش لە دوو رۆژی سەرەتا بەپێی ئامارە سەرەتاییەكان، زیاتر لە 40 هەزار سەردانیكاری هەبووە.



وشە - سه‌رخێڵ هاشم