كلابی و كلدانی دەیانەوێ‌ لە ڕێی گرووپەكەیانەوە دۆخی سلێمانی تێك بدەن

:: PM:06:16:19/04/2025 ‌
جارێكی تر بە جووڵاندیان لەلایەن رەیان كلدانی و یوسف كلابی و هاوشێوەكانیانەوە كە بەردەوام دژی كوردستانن، ژمارەیەك لە مامۆستا كە بە خۆیان دەڵێن، ناڕازی، قەوانی دووبارە دژی پڕۆژەی هەژماری من و بەبانكیكردنی مووچە لێ‌ دەدەنەوە، لە كاتێكدا پڕۆژەكە لە كۆتایی نزیكە و رێككەوتنی لەسەر كرا. 

ئەو ژمارە مامۆستایەی كە لە چەند مانگی رابردوودا لەژێر خێوەتێكدا دەجووڵێنران و بوونە هۆكاری دواكەوتنی پڕۆسەی خوێندن لە سنووری سلێمانی، كە زۆربەی قوتابیان ئێستە باجەكەی دەدەن، كەوتوونەتەوە قسە گوتن بە هەژماری من. 

ئەوان كە لەلایەن نەیارانی كوردەوە دەجووڵێنرێن، هەموو مەبەستەكەیان ئەوەیە كە دۆخی سلێمانی پێ‌ تێكبدرێت و دەیانەوێ‌ خەڵكی شارەكە وەك ئەوان رادەستی خیانەتكار و دژەكورد بێ، بە بڕوای چاودێرانی سیاسی، ئەوانە بەسەرچوون و هەر ئەو قسە كۆنانەیە لێی دەدەنەوە. 

ئامانج عەلی خۆشناو چاودێری سیاسی، لەبارەی ئەوانەی كە بە فیتی رەیان كلدانی و یوسف كلابی دەجووڵێنرێن، بۆ "وشە" گوتی، بابەتی ناڕەزایی ئەو كەسانە بووە بە ڕابردوو بەتایبەت لەبارەی پڕۆژەی هەژماری من، چونكە هەموو دژایەتییەكانیان بۆ حكوومەت و پڕۆژەكانی پووچەڵ بوونەوە. 

هەروەها گوتی، پێویست نییە گوێ‌ لەو كەسانە بگیرێت، چونكە لەكاتی هەڵدانی خێوەتەوە دەركەوت كە ئەوانە بە پیلان دەیانەوێ‌ دۆخی سلێمانی تێك بدەن و لەلایەن دژانی كوردەوە بەكار دەهێنرێن. 

ئەو دووپاتی لەوە كردەوە، هەژماری من سەركەوت و خەڵكیش گەیشتە ئەو بڕوایەی كە چیتر ئەوانە جێی متمانە نین هەروەك لە رابردوویشدا جێی متمانە نەبوون و مەبەستی دژەكوردەكانیان جێبەجێ كردووە.


وشە - وشه‌