بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە میانی چاوپێكەوتنێکی میدیایدا رای گەیاند، چەند جارێك لەگەڵ كاك مەسروور بارزانی دانیشتووم، دڵخۆشم بەم دانیشتنانە و زۆر تەوەرمان باس كردووە كە دیارترینیان پێوەندی بە خەڵكەوە هەیە.
ئەمشەو شەموو، 19ی نیسانی 2025، بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان باسی لەوە كرد، لە هەڵمەتی هەڵبژاردندا زۆر دەمگوت "تەوتین... تەوتین.. تەوتین.." بەهۆی ئەوەی تەوتین چەند شتێكی تێدا بوو پێم وابوو باشترە لەوەی دەكرێت لێرە لە "هەژماری من".
زیاتر گوتی، كاك مەسروور تیمی هەژماری منی نارد بۆ لام و منیش تیمی خۆمم دانا و گفتوگۆیەكی درێژمان كرد، بۆمان دەركەوت چەند شتێكی زۆر باش له هەژماری من هەیە، لە بەرانبەریشدا چەند شتێكی هەیە كە بە دڵمان نەبوو و لە ئەنجامی گفتوگۆ درێژەكە گەیشتووینەتە چەند راستییەكی تر.
بافڵ تاڵەبانی ئەوەیشی گوت، بە دڵنیاییەوە خەڵكیش بە هەڵە لە "تەوتین" تێگەیشتووە، وا دەزانن راستەوخۆ لە بەغداوە پارە دەچێتە گیرفانیان، وا نییە .. "تۆزێك دیراسەی بكەن برادەران."
من ئەم پرسە (هەژماری من) هەر بە " تەوتین و هەژماری من" نابینم، پێم وایە ئەمە بە بانكیكردنی ژیانی كوردە كە لە قازانجی گەلی كوردە.