وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رای گەیاند، پێشمەرگە و سوپای عێراقی ئۆپەراسیۆنێكی هاوبەشیان ئەنجام داوە.
لە راگەیەنراوەكەدا هاتووە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ، 21ی نیسانی 2025، هێزەكانی پێشمەرگە و سوپای عێراق، لە میحوەری هەشتی رۆژئاوای دیجلە ئۆپەراسیۆنێكی كێوماڵكردنیان ئەنجام دا.
زیاتر هاتووە، لە ئۆپەراسیۆنەكەدا؛ لیواكانی هەشت و 29ی پیادە و فەوجی كۆماندۆی فیرقەی سێی پیادەی وەزارەتی پێشمەرگە و لیوای 15ی سوپای عێراق بەشدار بوون، تیایدا گەڕان و پشكنینێكی وردیان بەدوای مۆڵگە و حەشارگەكانی گرووپی تیرۆریستی داعش ئەنجام دا، ئەمەش بەمەبەستی راماڵین و پاككردنەوەی ناوچەكە لە پاشماوەكانی تیرۆریستان و دابینكردنی ئاسایش و سەقامگیریی زیاتر بۆ دانیشتوانی ناوچەكە و نەهێشتنی مەترسی و رێگریكردن لە چالاكی و جموجۆڵی تیرۆریستان.
جێی ئاماژەیە، لە ماوەی رابردوودا چەندان جار ئۆپەراسیۆنی هاوشێوە و بە هاوبەشی لەنێوان هەردوو هێزەكەدا ئەنجام دراوە.