ئاسایشی رانیە، بەرپرسی پێوەندییەكانی مەڵبەندی بزووتنەوەی ئیسلامی لە رانیە و كوڕەكەی دەگرن، تا ئێستەیش هۆكاری گرتنەكەی بۆ ماڵبات و حزبەكەیشی ڕوون نییە.
ئەمڕۆ چوارشەم، 23ی نیسانی 2025، كۆچەر عەلی كادری بزووتنەوەی ئیسلامیی كوردستان، بە "وشە"ی گوت، لەلایەن ئاسایشی رانیەوە بەرپرسی پێوەندییەكانی مەڵبەندی بزووتنەوەی ئیسلامی لە رانیە و كوڕەكەی گیراون.
ڕوونیشی كردەوە، تا ئێستە ئاسایش هیچ زانیارییەكیان لەبارەی گرتنەكەی بە ماڵبات و "حزبەكەمان" نەگوتووە.
كۆچەر عەلی رەتی كردەوە شۆڕش غەفوور بەرپرسی پێوەندییەكانی بزووتنەوەی ئیسلامی كە ئێستە گیراوە، هیچ پێشینەیەكی تاوانی هەبێت تا شیاوی گرتن بێت. ئەو دەڵێ، لەناو بزووتنەوەدا ئەوەی پێشینەی تاوانی هەبێت بەرپرسیاریەتیی پێ نادرێت.
گرتنی ئەو كادرەی بزووتنەوەی ئیسلامی لە كاتێكدایە، پێشتر دەستەی مافی مرۆڤی هەرێمی كوردستان، تێبینییان لەسەر ئاسایشی رانیە هەبووە كە لەناو گرتووخانەكاندا ئەشكەنجە و مامەڵەی خراپ دەكەن، هاوكات رێگەیشیان نەدا سەرۆكی دەستەی مافی مرۆڤ بچێتە گرتووخانەكانی ئاسایش و لە نزیكەوە چاودێری بكات.