ئیتاڵیا بە بایەخەوە لە پێوەندییەكانی لەگەڵ هەرێمی كوردستان دەڕوانێت

:: PM:10:49:24/04/2025 ‌

ئەمڕۆ پێنجشەم نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە نیكۆلۆ فۆنتانا باڵوێزی ئیتاڵیا لە عێراق كرد، لە دیدارەكە باڵوێزی ئیتاڵیا رای گەیاند كە وڵاتەكەی بە بایەخەوە لە پێوەندییەكانی لەگەڵ هەرێمی كوردستان دەڕوانێت.

لە دیدارێكدا پێوەندییەكانی ئیتاڵیا لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان و برەودان بە هاوكاریی هاوبەش لە بوارەكانی ئابووری، كولتوور، پەروەردە و پاراستنی كەلەپوور تاوتوێ كران و دووپاتیان لە بەردەوامیی هاوهەنگی لە بوارە جیاجیاكاندا كردەوە.

سەرۆكی هەرێم ستایش و پێزانینی هەرێمی كوردستانی بۆ رۆڵی ئەرێنیی ئیتاڵیا لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش و پشتگیریی بەردەوامی بۆ پێشمەرگە و پرۆگرامەكانی گەشەپێدان دەربڕی، هەروەها دووپاتی لە گرنگیی بەهێزكردنی هاوكاری و هاوبەشی لەگەڵ ئیتاڵیا لە كەرتە جیاوازەكاندا كردەوە.

لای خۆیەوە باڵوێزی ئیتاڵیا رای گەیاند كە وڵاتەكەی بە بایەخەوە لە پێوەندییەكانی لەگەڵ هەرێمی كوردستان دەڕوانێت، هەروەها ستایشی سەقامگیری و پێشكەوتنی لە هەرێمی كوردستان كرد و خواستی ئیتاڵیای بۆ فراوانكردنی هاریكاریی هاوبەش لە هەموو بوارەكاندا لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان، دووپات كردەوە.

دۆخی ناوچەكه و دوایین پێشهاتەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، تەوەرێكی دیكەی دیدارەكە بوو.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل