كەس ناتوانێ ئاینێكی نوێ دابهێنێت بەڵكو دوایین ئاین ئیسلامە

:: AM:09:19:26/04/2025 ‌
یەكێتیی زانایانی كوردستان لەبارەی ئاینێكی نوێ‌ روونكردنەوە دەدات و رای دەگەیەنێت، بەداخەوە دوای تەواوبوونی رێوڕەسمەكە، كەسانێك بێ زانیاری و لەپێناو مەرامی كەسی و تایبەتی، كەوتنە تانە و قسەوقسەڵۆكی جۆراوجۆر و داتاشینی كۆمەڵێك خوێندنەوەی بێ بنەما.

ئەمڕۆ شەموو 26ـی نیسان، لە راگەیەنراوێكی عەبدوڵا وەیسی سەرۆكی یەكێتیی زانایانی ئاینی كوردستاندا هاتووە، رۆژانی 22 تا 25/4/2025 لە شاری هەولێر، رێوڕەسمێك بە بەشداری سەرجەم پێكهاتە ئاینییەكان و كەسایەتی و میوانێكی زۆری ناوخۆ و دەرەوە بەناونیشانی (رۆژی نزای نیشتمانی) بەڕێوە چوو. 

دەشڵێت، بەداخەوە دوای تەواوبوونی رێوڕەسمەكە، كەسانێك بێ زانیاری و لە پێناو مەرامی كەسی و تایبەتی، كەوتنە تانە و قسەوقسەڵۆكی جۆراوجۆر و داتاشینی كۆمەڵێك خوێندنەوەی بێ بنەما، گوایە ئەو رێوڕەسمە سەرەتا و بانگەشەیە بۆ راگەیاندنی ئاینی ئیبراهیمی لە كوردستان.

سەرۆكی یەكێتیی زانایان دەڵێت، ئەو بانگەشەیە هیچ بنەمایەكی دروستی نییە و پێچەوانەی هەموو داب و دەستوورێكە، چونكە كەس ناتوانێ ئاینێكی نوێ دابهێنێت، بەڵكو دوایین ئاین ئیسلامە، بەڵام هەر ئەو ئیسلامە چەندان بنەمای تێدایە بۆ بایەخدان بە پێكەوەژیانی ئاینی و نەتەوەیی و قبووڵكردنی جیاوازییەكان، رێوڕەسمەكە خۆی لەپێناو بەرز نرخاندنی پێكەوەژیان بوو نەك داهێنانی ئاینێكی تر.

ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات، ئەو رۆژە كە ناو نرا رۆژی نزای نیشتمانی، لەبەر ئەوە نییە بانگەشە بێت بۆ ئەو جۆرە ئاینەی كەسانێك لە بێئاگایی ناوی دێنن یان خەڵكی پێ چەواشە دەكەن، بەڵكو نزا لەناو هەموو ئاینە ئاسمانییەكان هەیە و وەك دروشمێكی ئاینی پێكهاتە ئاینییەكان شتێكی رێگەپێدراو و ئاساییە، لەو رێوڕەسمە هیچ تەقسێكی دیاریكراو یان بانگەشە و داوا و ئاماژەیەك نەبووە بۆ دیاریكردنی ئاینێكی نوێ بەناوی ئاینی ئیبراهیمی، بەڵكو ئەمە سەكۆیەكی گرنگی كۆكەرەوەی سەرجەم پێكهاتەكان بوو لە كوردستان، بۆ ئەوەی دووپات لە پێكەوەژیانی ئاینی و ئەو سیما جوانەی پێكەوەیی لە كوردستان بكرێتەوە.

"لەم رێوڕەسمە سەرۆك مەسعوود بارزانی وێڕای دووپاتكردن لە قووڵكردنەوەی پێكەوەژیانی ئاینی، لە وتارەكەیدا ئاماژەی بە ئایەتێكی قورئان كرد؛ كە ئەمە لە خۆیدا بیرخستنەوەی ئامادەبووان بوو، كە فەرهەنگی گەلی كورد و زۆرینەی پێڕەوانی ئینی ئیسلام، ئەو راستییە دووپات دەكەنەوە، كە پێكەوەژیان بەپێی ئەم ئایەتەی خوێنرایەوە، رێزگرتنە لە ئیرادە و ویستی خوای پەروەردگار، نەك داهێنانی ئاینێكی نوێ"، سەرۆكی یەكێتیی زانایان وای گوت.

لە كۆتایی قسەكانیدا هاتووە، تاوانێكی گەورەشە مرۆڤ بڕیار لە شتێك بدات كە زانیاریی لەسەر نەبێت؛ یان چەواشەی ڕاستییەكان بكات.



وشە - رامیار جەواد