كەشناسێك رای گەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ تا سبەی، ئەگەری هەورەبروسكە و باران هەیە، بە تایبەت پێویستە شوانكارەكان ئاگاداری خۆیان بن.
ئەمڕۆ شەموو 26ـی نیسان، شاڵاو هیدایەت شارەزای كەشناسی، بە "وشە"ـی راگەیاند، ئێستە باران و هەورەبروسكە داخلی بەشێك لە ناوچەكان بووە، لە كاتەكانی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ بەولاوە كاریگەریی حاڵەتی دەریای سوور و مەداری زیاتر دەگات و بەرفراوان دەبێت، ناوچەكان بەگشتی دەگرێتەوە.
زیاتر گوتی، بڕی بارانبارین لە ناوچەیەك بۆ ناوچەیەك جیاوازە، لەگەڵ تەزرە لە هەندێ شوێن و كۆتایی بەخۆڵبارینیش دێنێت و پلەكانی گەرما دادەبەزن.
باسی لەوەش كرد، پێویستە هاووڵاتییان نەچنە ناوچەی بەرز و شاخاوی و ژێر درەخت، لە دەرەوەش بوون تا دەكرێت لە شوێنی پارێزراو بمێننەوە و بچنە ناو ئۆتۆمبێل، پێویستە ئەمڕۆ شوانكاران ئاژەڵەكان نەكەنە دەرەوە بۆ سەلامەتی خۆیان و ئاژەڵەكانیان، چونكە هەورەبروسكەی بەهێز لە ئارادایە، نزمن و لە زەوی دەدەن.
روونی كردەوە، كاریگەریی ئەو حاڵەتەی باران و هەورەبروسكە، سبەی بەرەبەیان بەگشتی كۆتایی دێت.
ئەوە لە كاتێكدایە كەشناسیی هەرێمی كوردستان رای گەیاندووە ئەمڕۆ بارانبارین لە دوای نیوەڕۆ دەست پێ دەكات.