ئەو هێزەی یەكێتی بە جلی مەدەنییەوە لە كۆنفرانسەكەی گۆڕان چ كارە بوون؟

:: PM:04:24:26/04/2025 ‌
تا دێت كێشە ناوخۆییەكانی بزووتنەوەی گۆڕان، لەسەر زۆرینە و كەمینە و وەرگرتنی ناسنامەی راستەقینەی بزووتنەوەكە لە نێوان هەردوو باڵی گردی زەرگەتە و گەڕەكی كوردساتی شاری سلێمانی، زیاتر دەبێت.

ئەمڕۆ شەموو 26ی نیسان، لە هۆڵی یانەی ئاشتیی شاری سلێمانی، بزووتنەوەی گۆڕان باڵی گەڕەكی كوردسات بەئامادەبوونی نوێنەرانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق و تیمی یاسایی و كەمتر لە 450 ئەندام، كۆنفرانسی بەست، بەڵام تەواونەكردنی رێژەی یاسایی كارەكانی راگرت.

بەپێی زانیارییەكانی "وشە" كۆنفرانسەكەی ئەمڕۆ لەلایەن یەكێتییەوە، ماوەی چەند رۆژێكە بەوردی كاری لەسەر كراوە، تەنانەت تیمێكی تایبەتی هێزەكانی ئاسایش بەجلی مەدەنییەوە دانرابوون بۆ هەر حاڵەتێكی نەخوازراو.

هاوكات لە كۆتا كۆنگرەی رۆژنامەوانی یاسین حەمە رەحیم بەرپرسی ژووری هەڵبژاردنی گۆڕانی گردەكە، لەلایەن تیمە تایبەتەكەی هێزە تەناهییەكەی یەكێتی، شوورای بەدەوردا دروست كرا و دواتریش بۆ شوێنی مەبەست بە پاسەوانی برا.

عەدنان عەزیز ئەندامی كۆنفرانسی گۆڕانی كوردسات، بە "وشە"ی راگەیاند، ئەوەی ئەمڕۆ یەكێتی بۆ گۆڕانی گردەكەی كرد بەبەرنامە بوو، زانیاریمان هەیە چەندان ناو لە لیستەكەدا دەرهێنرابوون، چەندانی تر بە دڵی بەرپرسانی باڵای دەباشان خرابوونە لیستەكەوە و كۆمیسیۆنیشمان لەو سەرپێچییانە ئاگادار كردەوە، بەڵام سوودی نەبوو.

روونیشی كردەوە، هێنانی ئەو هێزە تەناهییە بەناوی پاراستنی شوێنی كۆنفرانسەكە، تەنیا بۆ چاوترساندنی ئەندامانی گۆڕانی كوردسات بوو، بۆیە نەتوانرا رێژەیەكی بەرچاویان ئامادەبن.

ئەو دەڵێ‌، یەكێتی دەیەوێ بەهەر شێوەیەك بێت گۆڕان بچێتەوە ژێر دەستی كوڕانی نەوشیروان مستەفا، بەهۆی رێككەوتنی ژێر بەژێر و هەبوونی پڕۆژە و بەرژەوەندیی باڵای بازرگانی لەگەڵ دەباشان.

سەرچاوەیەكی تەناهیی ئاگادار، بۆ "وشە" لەبەر هەستیاریی پۆستەكەی داوای كرد ناوی نەنووسرێت، ئاماژەی بەوە دا، بەڵێ لەلایەن دەباشانەوە ئاگادار كراینەوە لە حاڵەتی روودانی كێشە، دەست لە گۆڕانخوازانی كوردسات نەپارێزرێت، بەڵام بۆ ئەوانەی گردەكە لە خۆمانن و پێویستە بەوردی چاودێرییان بكرێت.

ماوەی چەند مانگێكە كێشەكانی گۆڕان بەهۆی ساغ نەبوونەوەی خاوەندارێتی ناوی بزووتنەوەكە و پڕۆژە بازرگانییەكان، دۆخێكی خراپی لە نێوان هەردوو باڵەكەدا دروست كردووە، رۆژی پێنجی ئەم مانگە لە گردەكە گۆڕان كۆنفرانسی بەست، ئەمڕۆ بەهەمانشێوە كۆنفرانسێكی تر بەسترا، ئێستە چاوەكان لەسەر بڕیاری یەكلاكەرەوەی كۆمسیۆنن.



وشە - وشه‌