ئەمشەو قەڵای هەولێر رووناك دەكرێـتەوە

:: PM:07:08:08/05/2025 ‌
بە گوێرەی ماستەر پلانی نۆژەنكردنەوەی قەڵای هەولێر كە ئێستە لە واری جێبەجێكردنە، ئەمشەو قەڵای هەولێر ڕووناك دەكرێتەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەم هەشتی ئایار، فەلاح حەسەن سەرۆكی كۆمسیۆنی باڵای بوژانەوەی قەڵای هەولێر رای گەیاند، ئەمشەو زیاتر لەنیوەی خانووەكانی لێواری قەڵای هەولێر وەك تاقیكردنەوەیەك رووناك دەكەینەوە.

بەگوێرەی ماستەر پلانی نۆژەنكردنەوەی قەڵاكە، كار بۆ ئەوە كراوە لە داهاتوودا چەند خانەوادەیەك بگەڕێنەوە نێو قەڵا و ژیانی تێدا بەسەربەرن.

نۆژەنكردنەوەی قەڵای هەولێر لەژێر چاودێریی ڕاستەوخۆی مەسروور بارزانی، سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، بەردەوامە و ئێستە 10 هەزار و 600 مەتر چوارگۆشە لە شەقامی سەرەكیی قەڵا و بەشێك لە كۆڵانەكان بەردڕێژ كراوە و پرۆسەكەش لە قۆناغی كۆتاییە.

لە قۆناغی داهاتووی پرۆسەی نۆژەنكردنەوەی شەقام و بەشێك لە كۆڵانەكانی قەڵای هەولێر، كورسیی دانیشتن و ڕووناكی بۆ شەقامی قەڵا و كۆڵانەكان دابندرێن و ژمارەیەك دار بچێندرێن، هەروەها پلانیش هەیە لە كاتێكی نزیكدا گۆڕەپانی بەردەم دەرگەی سەرەكیی قەڵا نۆژەن بكرێتەوە و بەردڕێژ بكرێت. 
هەروەها پلانیش هەیە كە خانووەكانی قەڵا نۆژەن بكرێنەوە و چایخانەیەكی كولتووری، چێشتخانە و هۆتێلێكیش لە قەڵا دروست بكرێن، بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە دەرگەی پێشوازی بە ڕووی گەشتیاراندا بكاتەوە و دوای تەواوبوونی پرۆسەی نۆژەنكردنەوەكە، جگە لە كردنەوەی لە ڕۆژدا، بڕیار وایە شەوانیش دەرگەی قەڵا بە ڕووی گەشتیاران و سەردانیكەران بكرێتەوە.

قەڵای هەولێر لە 506 خانوو پێكهاتووە و لە حوزەیرانی ساڵی 2014، لەلایەن ڕێكخراوی یونسكۆی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان لە لیستی كەلەپووری جیهانی داندراوە و وەك كۆنترین ناوچەی جیهان كە ژیانكردن تێیدا بەردەوامە ناسێندراوە.

بەگوێرەی سەرچاوە مێژووەییەكان، ماوەی شەش هەزار ساڵە، ژیانكردن لە قەڵای هەولێر بەردەوامە، قەڵاكە دەكەوێتە ناوجەرگەی هەولێر و ڕووبەرەكەی 110 هەزار مەتردووجایە و كۆكەرەوەی شارستانیەتییە كۆنەكانی مێژووە و ناوەندێكی سەرەكیی پێكەوەژیانی نەتەوە و ئایینە جیاوازەكانە لە جیهاندا.



وشە - سه‌رخێڵ هاشم