سەرۆك بارزانی لە دیدارێكی لەگەڵ بەرنامەی " The Capitol Hill Show"ی كەناڵی شەمس كە ئەمڕۆ پێنجشەم هاتە پەخشكردن، تیشكی خستە سەر چەند بابەتێكی گرنگیی ئێستەی ناوخۆیی و دەرەكیی و گوتی، سەركردایەتیی نوێی سووریا پەیامێكی ئەرێنیان بۆ ئێمە هەبوو، دووپاتی كردەوە كە پاڵپشتی لە یەكهەڵوێستیی كورد دەكەن بۆ چوونە دیمەشق.
سەرۆك بارزانی لەبارەی پەرەسەندنەكانی سووریا پێی وایە گۆڕانكاری لە سەركردایەتی ئەو وڵاتە پێشبینیكراو بوو، بەڵام بەو خێراییە و بەو شێوەیە نا، ئەوەی رووی دا گۆڕانكارییەكی گەورە و خاڵێكی وەرچەرخان بوو لە مێژووی ناوچەكە، سەرەڕای پاشخانی ناسراویان، سەركردایەتیی نوێی سووریا پەیامی ئەرێنیان نارد، سەرەڕای نەبوونی پێوەندیی راستەوخۆ لە نێوانمان تا ئێستە، بەڵام پێوەندییەكی ناراستەوخۆ هەیە و پەیامی ئەرێنیان بۆ ئێمە نارد بەوەی دەیانەوێ ئاشتی بچەسپێت و رێگری لە شەڕ بكرێ و بگەن بە شێوەیەك لە لێكگەیشتن لەگەڵ كورد.
سەرۆك بارزانی تیشكی خستە سەر هەوڵەكانی یەكخستنی هەڵوێستی كورد لە سووریا و گوتی، لەگەڵ كوردی سووریا هەوڵمان دا یەك هەڵوێستیان هەبێت، هەموویان یەك دیدیان لەبارەی داواكاریی كورد لە حكوومەتی نوێی سووریا هەبێت، بەر لە چەند رۆژێك لە 26ی نیسانی رابردوو كۆنگرەیەك لە قامیشلۆ بەسترا، تیایدا كورد لەسەر یەكخستنی هەڵوێستیان و چوونە دیمەشق بە هەڵوێستێكی یەكگرتوو رێك كەوتن، ئێمەش لە پێناو چارەسەركردنی گونجاوی كێشەكان پاڵپشتی لەوە دەكەین.
لەبارەی گفتوگۆكانی نێوان ئێران و ئەمەریكا، وەك پرەنسیپ تا بكرێ كێشەكان لە نێوان دوو دەوڵەت بە گفتوگۆ چارەسەر بكرێت زۆر باشترە لەوەی بگاتە ئاستی شەڕ، ئومێدەوارین ئەم گفتوگۆیە ئەنجامی ئەرێنی و سوودی بۆ هەموو میلەتانی ناوچەكە هەبێت، بەتایبەتی بۆ گەلی ئێران و ئاسایش بگەڕێتەوە ناوچەكە و رێككەوتنێك نەبێت لەسەر حیسابی خەڵكی تر، داوا دەكەین رێككەوتنی نێوان ئێران و ئەمەریكا رێككەوتنێك نەبێت كڕین و فرۆشتنی خەڵكی تری تێدا بێت.
روونی كردەوە، ئەگەر ئەمەریكا نەبوایە ساڵی 1991 ئەو دەرفەتە بۆ ئێمە نەدەڕەخسا كە بتوانین وڵاتی خۆمان ئاوەدان بكەینەوە و هەوایەكی ئازاد هەڵمژین، ئەمەریكا و هاوپەیمانەكانی تر بوون ئەوەیان رەخساند، لە شەڕی داعشیش پشتیوانیی ئەمەریكا بۆ كورد زۆر كاریگەر بوو تا پێشمەرگە بتوانێ داعش تێكبشكێنێت، بەڵام بە دڵنیاییەوە ئەم پێوەندییەش هەوراز و نشێوی تێدا بووە، دووپاتی كردەوە، پێوەندییەكانمان لەگەڵ ئەمەریكا باشە، بەڵام چاومان لەوەیە باشتر بێت.
لەبارەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی نوێی ئەمەریكا، سەرۆك بارزانی گوتی، من ترەمپم نەدیوە، بەڵام بە دڵنیاییەوە شێوازی كاركردنی لەگەڵ سەرۆكەكانی پێش خۆی جیاوازە، ئومێدەوارین سەركەوتوو بێت، راستییەكەی هەندێك شتی ترەمپم زۆر بە دڵە، هەرچەندە نامەوێ بچمە ناو ئەو وردەكارییەوە، بەڵام هەندێك بڕیاری دا، زۆر زۆر پشتیوانی لێ دەكەم و پێم وایە بڕیاری زۆر لە جێی خۆیدا بوون.
سەرۆك بارزانی ئاماژەی كرد، خەڵكی كوردستان خاوەن فەرهەنگێكی زۆر دەوڵەمەندە لە پێكەوەژیان و یەكترقبووڵكردن، بە درێژایی مێژوو لە ناو كوردستان كێشەیەكمان بە هۆكاری ئاینی یان مەزەوی لەگەڵ هیچ میلەت و ئاینێكی تر نەبووە، ئەوە زۆر یارمەتیدەر بووە كە كێشەی گەورە تێپەڕێنین، بۆ نموونە ساڵانی حەفتا و هەشتاكان، رژێمی سەدام چی نەما بە كوردستانی نەكات، لە ئەنفال 180 هەزار خەڵكی ئێمە بێسەروشوێن بوون، لە كیمیاباران لە چەند چركەیەك پێنج هەزار ژن و منداڵ لە هەڵەبجە شەهید بوون، رژێم سەرانسەری كوردستانی بە كیمیایی بۆمباران كرد، 12 هەزار گەنجی فەیلی بێسەروشوێنن، لە عەشیرەتی بارزان هەشت هەزار كەس بێ سەروشوێن كران، لە كۆی گشتیدا لە كوردستان 180 هەزار كەس بێسەروشوێن كران كە زۆرینەیان ژن و منداڵ بوون.
دووپاتی كردەوە، بەڵام لە راپەڕینی 1991، دوای ئەوەی رژێمی عێراق لە شەڕی كوێت شكا، خەڵكی كوردستان تۆڵەی نەكردەوە، بە پێچەوانەوە هەموو ئەو سەربازانەی ئەم تاوانانەیان ئەنجام دا، ئیزن دران، ئەوەش شتێكی زۆر گەورە بوو و پێشبینیم نەدەكرد كە خەڵكی ئێمە بەو شێوەیە لێبووردە بێت و بەو فەرهەنگەی هەیەتی پابەند بێت، هەندێك جار شەڕ دێت و بەرۆكت دەگرێت و ناچاری بەرگری بكەی، چونكە شەڕ لە هەموو شتێك خراپترە، بەڵام لەو خراپتر ئەوەیە كە مرۆڤ رادەستی زۆردار بێت، بەڵام بچیت شەڕ دروست بكەیت، ئەمە هەڵەیەكی گەورەیە، ئێمە هەرگیز نەچووین شەڕ دروست بكەین، هەمیشە بەرگریمان كردووە و تۆڵەشمان نەكردووەتەوە و بەرەو تۆڵەسەندنەوە نەچووین، دەتوانن لەوە سوود لە ئەزموونی كوردستان بكەن.
سەبارەت بە سەركەوتن و پێشكەوتنی كوردستان سەرۆك بارزانی دەڵێت، دەبێت هەموو مرۆڤێك وڵاتی خۆی خۆش بوێت، خەڵكی ئێمە ئەوەیان سەلماند كە وڵاتی خۆیان خۆش دەوێت، چ ئەوانەی لە كەرتی تایبەت كار دەكەن و چ ئەوانەشی لە حكوومەتی هەرێم، هەموو هەوڵیان داوە وڵاتەكە ئاوەدان بكەنەوە، بۆ زانیاری كاتێك گەلی كورد لە ئاداری 1991 راپەڕینی كرد، كۆی گشتی چوار هەزار و 500 گوند لە كوردستان وێران كرابوون و تەواوی خەڵكەكەیان لە لایەن رژێمەوە راگواسترابوون، هەندێك جار كە دەچووم سەیری ئەو گوندانەم دەكرد، پێشبینیم دەكرد نەتوانین ئەم وڵاتە لە نوێوە ئاوەدان بكەینەوە.
زیاتر گوتی، ئێستە كە دەچم ئەو شوێنانە دەبینمەوە، مرۆڤ باوەڕ ناكات كە چۆن ئەم هەموو ناوچە و گوندانە ئاوەدان بوونەتەوە، بەڵام راستییەكەی ئەوانە هەمووی بە هەوڵ و هیمەتی خەڵكەكە و هاوكاریی دۆستەكانمان روویان دا، ئێمە وڵاتێكی زۆر دەوڵەمەندمان هەیە، بەڵام دەرفەتمان نەبووە سوودی لێ وەرگرین، بۆ نموونە نەوتی عێراق لەسەر نەوتی كەركووكە كە كوردستانییە، ئێمە خێرمان لەو نەوتە نەدیت، هەموو ئەو پارەیەی لە نەوتەكە دەهات دەكرا بە بۆمب و تانك و فڕۆكە و لە ئێمە دەدرا.
سەرۆك بارزانی دووپاتی كردەوە، ئێستەش لە دوای رووخانی رژێم لە دوای 2003، دەرفەتێكی زێڕین بۆ هەموو عێراق هاتە پێش و ئێمەش بە هەموو هێزێكەوە چووین بۆ بەغدا و بە بڕیاری پەرلەمانی هەرێم و بە یارمەتیی ئەمەریكا و هاوپەیمانان و دۆستانی تر چووین عێراقێكی تازە دروست بكەین، تا گەیشتە ئەوەی لە ساڵی 2005 دەستوورێك دابنرێت، كە ناتوانم بڵێم بێ كەموكوڕییە، بەڵام بۆ ئەوكات و ئێستەش زۆر باشە ئەگەر ئیلتزامی پێوە بكرێت، كەچی بەداخەوە پابەندی بە دەستوور نەكرا.
"ئەو پێشكەوتنەی كە لە كوردستان دەیبینی، بێ گیروگرفت و ئالنگاری نەبوو، لە 2014ەوە بەغدا بودجەی هەرێمی بڕیوە، بەهای نەوت دابەزی، كۆرۆنای بەسەردا هات و شەڕی داعش لە لایەكی تر، ئەوانە هەمووی بوونە هۆی ئەوەی ئەو پێشكەوتنە تا رادەیەكی زۆر بوەستێت یان زۆر سست بێت و وەك پێشووتر ئەنجام نەدرێت، لەگەڵ ئەوەش ئەوە دەگەڕێتەوە بۆ هیمەتی خەڵكەكە خۆی، وێرای هەموو ئەو ئالنگارییانە خەڵك نەوەستا لەوەی وڵاتی خۆی ئاوەدان بكاتەوە"، سەرۆك بارزانی لە دیداری تەلەڤزیۆنی شەمس وای گوت.