وەرزی دروێنە لە كوردستان دەستی پێ كرد و زۆرینەی گەنم و جۆی جوتیاران فەوتاوە

:: AM:09:29:10/05/2025 ‌
وەرزی دروێنە لە كوردستان بەتایبەت لە ناوچەی هەولێر و كەندێناوە و گەرمیان و كەركووك دەستی پێ كرد، جوتیاران دەڵێن، ساڵی وەك ئەمساڵ بێ بارانیمان بەدرێژایی ژیانمان نەبینیوە.

بەهۆی كەمبارانییەوە زۆرینەی گەنم و جۆی دەشتی هەولێر و كەندێناوە و كەركووك و بەشێكیش لە گەرمیان فەوتاون، ئەمەش جووتیارانی رووبەڕووی زیانێكی زۆر كردەوە.

مام سەعید كە جووتیارێكی دەشتی هەولێرە دەڵێت: ئەوەی بیری هەبوو ئاوی بۆ دەغڵەكەی دابین كردووە بەرهەمی هەیە، ئەگەرچی ئەویش وەك ساڵان نییە، ئەوەی ئاوی نەبوو بەهۆی بێ ارانییەوە هەموو بەرهەمی ئەمساڵی بەخەسار چووە.

مام سەعید باسی لەوە كرد، 60 ساڵە كاری جووتیاری دەكات، لەم ماوە درێژەی تەمەنیدا هیچ ساڵێكی ئاوا بێ بارانیی نەبینیوە و دەڵێت: ئەوەی ئەمساڵ بینیمان بەدرێژایی ژیانم نەمدیوە.

لە گەرمیان شەش هەزار جووتیار هەن و نزیكەی ملیۆنێك و 200 هەزار دۆنم زەوی كشتوكاڵی هەیە، زیاتر لە 420 هەزار دۆنمی دەكرێت بە دانەوێڵە، بەڵام بەهۆی گۆڕانی كەشوهەوا و وشكەساڵییەوە، ئەمساڵ جووتیارانی سنوورەكە ڕووبەڕووی زیانێكی زۆر دەبنەوە، جووتیارانی سنوورەكە باس لەوە دەكەن لە ساڵی 2022 یش بێ بارانیی زیاتر لە 30 ملیار دینار زیانیان بەركەوت.

بەشێكی زۆر لە جووتیارانی سنووری پارێزگای هەولێر لە وەرزی پایزدا زەوییەكانیان تۆو كرد، ئەوانەی زەوییەكانیان چاندووە تا ئاستێك بێ ئومێد بوون لەوەی هیچ بەرهەمیان هەبێت و ئێستە دەغڵەكەیان بەڕەڵا كردووە.

حوسێن محەمەد سەرۆكی لقی هەولێری یەكێتیی جووتیارانی كوردستان، بە "وشە"ی راگەیاند: بۆ سنووری هەولێر پێویستە لە مانگی 11 یان 12، واتا لە وەرزی پایزدا، باران ببارێت و پەڵە بدات، ئینجا جووتیاران دەتوانن زەوییەكانیان بۆ چاندنی گەنم و جۆ بكێڵن.

گوتیشی: ئەمساڵ جگە لەوەی پەڵەی نەداوە، هاوكات  بەراورد بە ساڵانی رابردوو، رێژەیەكی كەم باران لە سنووری پارێزگای هەولێر باریوە .

راشی گەیاند: هەر بەهۆی گۆڕانی كەشوهەوا و كەمبوونەوەی ئاوی ژێرزەوی، جووتیارانی دەشتی هەولێر گرفتی پڕۆژەی ئاودێرییان هەیە و لێدانی بیر و دابینكردنی پێداویستەكانی رشاندنی ئاو (مڕەشە)، ئەمە جگە لەوەی خەرجییەكی زۆری پێویستە و حكوومەت لەوبارەیەوە ئاسانكاریی نەكردووە .



وشە - سۆران عەزیز