بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی هەولێر لەگەڵ بڵاوكردنەوەی وردەكاریی رووداوەكەی هاتوچۆی بەیانیی ئەمڕۆی ژێر پردی رزگاری، ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن كە هیچ كەسێك بەوهۆیەوە گیانی لە دەست نەداوە.
بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی هەولێر رای گەیاند، سەعات 8:30ی بەیانیی ئەمڕۆ، ئۆتۆمبێلێكی تایبەت لە جۆری (تۆیۆتا ئەڤەلۆن) لە ژێر پردی رزگاری بە خێراییەكی زۆر بەرەو ئاراستەی شەقامی كەسنەزان دەڕۆیشت، كە شۆفێرێكی گەنج لێی خوڕیوە و دوو سەرنشینی هاوتەمەنی خۆی لەگەڵدا بووە، (هەرسێكیان ئامۆزای یەكترن) و بۆ سەر كار رۆیشتوون بۆ ناوچەی پیشەسازی.
هاتوچۆ ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن، لە كاتی لێخوڕیندا، ئەو شۆفێرە سەركێشی كردووە و لە ئاراستەی دەستەڕاست، لێكڕەتبوونی ئەنجام داوە، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی كۆنترۆڵ لە دەست بدات و بەسەر شۆستەكەدا بچێتە رێڕەوی بەرانبەر، لە ئەنجامدا خۆی كێشاوە بە ئۆتۆمبێلێكی جۆری تاكسی (تۆیۆتا كرۆلا) كە شۆفێر و سەرنشینێكی تێدابووە، پاشان خۆی كێشاوە بە ئۆتۆمبێلێكی تر لە جۆری (جیلی) كە ئەویش شۆفێر و سەرنشینێكی تێدا بووە كە كوڕ و باوك بوون.
هاتوچۆی هەولێر دەڵێت، لە ئەنجامی ئەم رووداوە حەوت كەس بریندار بوون؛ سێ كەس لە ناو ئۆتۆمبێلی ئەڤەلۆن و دوو كەس لە ئۆتۆمبێلی تاكسی و دوو كەسی تریش لەناو ئۆتۆمبێلی جیلی و "هیچ كەسێك گیانی لە دەست نەداوە".