ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق كۆبوونەوەی پێش خستووە، بڕیاریشە هەر ئەمڕۆ بڕیار لە تەمویلی مووچەی كوردستان بدرێت.
ئەمڕۆ یەكشەم 11ـی ئایار، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجام دەدات، هەرچەندە كۆبوونەوەكان لە رۆژانی سیشەم ئەنجام دەدرا، بەڵام بەهۆی سەرقاڵبوونی وەزیرەكان بە كاروباری لووتكەی عەرەبی كە بڕیارە لە 17ـی ئەو مانگە لە بەغدا بەڕێوە بچێت، كۆبوونەوەكە بۆ ئەمڕۆ پێش خرا.
هاوكات ئەگەری زۆرە ئەمڕۆ تەمویلی مووچەی مانگی چواری فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بكرێت و لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری لەبارەوە بدرێت.
دوێنێ سەرچاوەیەك لە بەغداوە بە "وشە"ی گوت، لیستی مووچە زۆر بێ كێشەیە و هیچ كەموكوڕییەكی تێدا نییە، بەڵام ئەوەی بەغدا دەیكات بیانوویەكی سیاسییە.
سەرچاوەكە كە لە بڕیاردان نزیكە ئەوەیشی گوت، ئەم هەفتەیە ئەو پرسە یەكلا دەبێتەوە، لە كۆتاییدا دەبێت بەغدا تەمویلی مووچەی فەرمانبەرانی كوردستان بكات.
لەبارەی ئەو زانیارییانەی باس لەوە دەكەن كە سبەی بەغدا پارەكە تەمویل دەكات، ئەو سەرچاوەیە گوتی، بەهۆی رۆژانی پشووی هەینی و شەموو هیچ زانیارییەك بۆ ئەوە نییە سبەی بینێرێ، بەڵام بە دڵنیاییەوە ئەم هەفتەیە پارەی مووچە رەوانە دەكرێت.