لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكان ئەمڕۆ جارێكی تر كۆبوونەوە، تاكە شت باسیان كردووە سەرۆكی لیست و هاوپەیمانی بوو، بەڵام لەسەر ئەوەش نەگەیشتنە رێككەوتن، چونكە هەمووان بەمافی خۆیانی دەزانن.
ئەمڕۆ یەكشەم 11ی ئایار، ژمارەیەك سیاسەتمەدار و حزب بەناوی ئۆپۆزسیۆن لە سلێمانی كۆبوونەوە، لە كۆبوونەوەكەدا بڕیاربوو هاوپەیمانێتییەكی نوێ بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق رابگەیەنن، بەڵام نەگەیشتنە رێككەوتن.
ئەوەی جێی تێبینییە، نوێنەری لایەنەكان دوای تەواوبوونی كۆبوونەوەكە رایان گەیاند، لە كۆبوونەوەكەدا نەگەیشتنە هیچ رێككەوتنێك، بەڵام باسی سەرۆكی لیست و سەرۆكی هاوپەیمانی و بازنەكان كراوە.
نەوەی نوێ گوشاری لەسەر لایەنەكان كردووە كە بۆ سەركەوتنی ئەو هاوپەیمانێتییە، پێویستە سەرجەم سەرۆك فراكسیۆنەكان و سەرۆك لیستەكان و سەرۆكی هاوپەیمانێتییەكە بەوان بدرێت.
لە دوای كۆبوونەوەكە نوێنەری نەوەی نوێ گوتی، ئەگەر لایەنەكان پێیان وایە نەوەی نوێ دەبێتە كێشە بۆ هاوپەیمانێتییەكە، ئەوا هەموویان دەتوانن پێكەوە هاوپەیمانێتییەكە دروست بكەن بەبێ نەوەی نوێ، ئێمەش لە دەرەوە پشتیوان و هاوكاریان دەبین، نە بە دژی خۆمانیان دەزانین و نە بە نەیار، بەڵكو وەك دۆست و هاوكار دەیانبینین.
بڕیارە لەو هاوپەیمانێتییە پۆست بۆ ئیسلامییەكان دیاری بكرێت، لە ئێستەوە گوتەبێژیان بۆ كۆمەڵی ئیسلامی دیاری كردووە، گفتوگۆكەری هاوپەمانێتییەكە بۆ یەكگرتوو بێت.
لە ئێستەوە لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكان بڕیاریان داوە ئەگەر یەك كورسیش بەدەست بهێنن، بەشداریی حكوومەت بكەن، ئەوەش بۆ "وشە" ئاشكرا بووە، پێیان باشە هاوپەیمانێتییەكە بچێتە ناو حكوومەتی عێراق.
لەبارەی شكست و ئەگەر كورسییان نەهێنا، بڕیاریان داوە بریكاری وەزیر، بەڕێوەبەری گشتی، باڵوێز و پۆستی تریان بدرێتێ.