كەمال محەمەد: كارەبای 24 سەعاتی كۆتایی بە كێشەی كارەبا دەهێنێت

:: PM:06:15:11/05/2025 ‌
ئەمڕۆ یەكشەم، مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە مەبەستی ئاگەداربوون لە بۆچوونی هاووڵاتییان لەسەر "پرۆژەی ڕووناكی"ی كارەبای 24 سەعاتی، بە یاوەری كەمال محەمەد ساڵح وەزیری كارەبا، پارێزگاری دهۆك و ژمارەیەك لە بەرپرسانی وەزارەت، سەردانی چەند ماڵ و دوكانێكی گەڕەكی بەرۆشكێ و سەرهەڵدانی لە پارێزگای دهۆك كرد.

تا ئێستە 600 هاووڵاتی، لە سەرانسەری هەرێمی كوردستان لەو پرۆژەیە سوودمەند بوون، لە پارێزگای دهۆكیش هەردوو گەڕەكی بەرۆشكێ و سەرهەڵدان، كارەبای 24 سەعاتییان بۆ دابین كراوە. بەم نزیكانەش پرۆژەكە لەو پارێزگایە فراوانتر دەبێت.

هەر لەم سەردانەدا، وەزیری كارەبا، لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتی و بەڕێوەبەرانی كارەبای دهۆك كۆ بووەوە و باسی لە پڕۆژەی ڕووناكی و چۆنییەتی بەڕێوەچوونی كرد و لە نزیكەوە ئاگاداری كار و چالاكییەكان و گرفتە تەكنیكییەكانی كارەبای دهۆك بوو.

كەمال محەمەد ساڵح، دەستخۆشی لە تیمەكانی وەزارەت كرد، چونكە بەوپەڕی دڵسۆزییەوە هاوكاری تیمەكانی پڕۆژەی ڕووناكی بوون و كاریان لەسەر سەركەوتنی گرنگترین پڕۆژە كردووە، كە كۆتایی بە كێشەی كارەبا دەهێنێت.


وشە - سه‌رخێڵ هاشم