مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، كارگەی چیمەنتۆ و وێستگەی كارەبای دابین دەكاتەوە، كە یەكێكە لەو پڕۆژانەی لە ماوەی كابینەی نۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەردی بناغەی دانراوە.
پڕۆژەی كارگەی چیمەنتۆ و وێستگەی كارەبای دابین، لەسەر ڕووبەری 212 دۆنم زەوی لەلایەن كۆمپانیای پاوەرچاینەل بە كوالێتی و ستانداری جیهانی بنیات نراوە.
كارگەی بەرهەمهێنانی چیمەنتۆكە پێكدێت لە هێڵی بەرهەمهێنانی چیمەنتۆ و بە توانای شەش هەزار كلیكەر، كە دەكاتە شەش هەزار و 300 تۆن چیمەنتۆ لە هەر ڕۆژێكدا.
هاوكات وێستگەیەكی كارەبا لە خۆ دەگرێت كە توانای بەرهەمهێنانی 52 مێگاوات كارەبای هەیە.
ئەو بەردەی كە چیمەنتۆكەی لێ بەرهەم دەهێنرێت، بە بەردی "لایمستۆن" ناسراوە، نزیكەی یەك كیلۆمەتر لە شوێنی دروستكردنی كارگەكەوە دوورە و بە سەلمێنراوی نزیكەی 150 ملیۆن تۆن یەدەگی هەیە، بەمەش دڵنیایی دەدات كە كارگەكە دەتوانێت بۆ ماوەی 50 ساڵ كار بكات، ئەو بەردانەشی دەگوازرێنەوە بۆ كارگەكە، بە شكێنەرێكی تایبەت ورد و خاش دەكرێن كە تواناكەی لە سەعاتێكدا شكاندنی هەزار و 400 تۆن بەردە.
هەروەها كارگەكە، چوار سایلۆی هەڵگرتنی چیمەنتۆی هەیە بە تیرەی 18 مەتر و بەرزیی 56 مەتر، كە بە جیا چیمەنتۆی جۆری پۆرتلەنتی ئاسایی و چیمەنتۆی سێمپتو هەڵدەگرێت. هەر سایلۆیەك توانای هەڵگرتنی 10 هەزار تۆن چیمەنتۆی هەیە.