نێچیرڤان بارزانی لەبارەی كۆنگرە و خۆهەڵوەشاندنەوەی پەكەكە قسەی هەیە

:: AM:11:45:12/05/2025 ‌
نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی پەكەكە و دەرئەنجامی كۆنگرەكەیان پەیامێكی بڵاو كردەوە.

ئەمڕۆ دووشەم 12ی ئایار، لە پەیامێكی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستاندا هاتووە، پێشوازیی لە بڕیاری پەكەكە بۆ خۆهەڵوەشاندنەوە و چەكدانان و بەپیرەوەچوونی بانگەوازی ئۆجەلان دەكەین، بە هەنگاوێكی چارەنووسسازی دەزانین كە لاپەڕەیەكی نوێ لە ناوچەكەدا دەكاتەوە. ئەم هەنگاوە نیشانەی پێگەیشتنی سیاسییە و ڕێگە بۆ دیالۆگێكی ڕاستەقینە دەكاتەوە كە پێكەوەژیان و سەقامگیری لە توركیا و سەرانسەری ناوچەكە بەهێز دەكات.

دەشڵێت، ئێستە كاتی ئەوەیە و هەمووان چاویان لەوەیە ئەم هەنگاوە گرنگە بە هەنگاوی تری ئەرێنی و پێویست لەلایەن هەموو لایەنە پڵاوەندیدارەكانەوە وەڵام بدرێتەوە. ئەمە زەوینەیەكی دروست و گونجاو دەهێنێتە ئاراوە و دەبێتە بنەمای ئاشتییەكی هەمیشەیی و گشتگیر كە كۆتایی بە دەیان ساڵ لە توندوتیژی و ئازار و مەینەتی دەهێنێت، ناوچەكە بەرەو ئاسۆی نوێی پێشكەوتن دەبات.

لە كۆتایی قسەكانیدا نێچیرڤان بارزانی دەڵێت، وێڕای ستایش و پێزانین بۆ ڕۆڵی سەرۆك ئەردۆغان لە پشتگیریكردن و هەوڵەكانی بۆ سەرخستنی پرۆسەكە، دووپاتی دەكەینەوە كە هەرێمی كوردستان وەك هەمیشە پشتگیریی هەموو هەوڵێك‌ بۆ چارەسەركردنی ناكۆكییەكان بەشێوەیەكی ئاشتییانە دەكات، هیوادارین ئەم دەستپێشخەرییە ببێتە خاڵی وەرچەرخانێكی یەكلاكەرەوە. هەروەها ئامادەیی تەواوی خۆمان دەردەبڕین بۆ بەردەوامی لە پێشكەشكردنی هەر جۆرە یارمەتی و هاوكارییەك بۆ سەركەوتنی ئەم دەرفەتە مێژووییە.



وشە - رامیار جەواد