لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، كۆبوونەوەیەكی بەرفراوان لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتییەكانی خانەنشینی لە هەرێمی كوردستان ئەنجام درا، لە كۆبوونەوەكەدا وەزیری دارایی داوای كرد پەلە بكرێت لە دەركردنی رێنوێنی بۆ جێبەجێ كردنی یاسای خانەنشینیی یەكگرتووی عێراق لەسەر سەرجەم ئاستەكان. هاوكات ئاماژەیشی كرد، لە كۆی خانەنشینكراوان 12 هەزار و 200 مامەڵەی خانەنشینی تەواو كراون، ئاماژەیشی دا، ئەم مانگە دوو هەزار خانەنشین پێنج مووچە بەیەكەوە وەردەگرن.
ئەمڕۆ سێشەم 13ی ئایاری 2025، لە راگەیەنراوێكی وەزارەتی دارایی و ئابووریدا هاتووە، بەسەرپەرشتی ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری و ئامادەبوونی سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکانی خانەنشین لە هەرێمی کوردستان، کۆبوونەوەیەک لەبارەی ڕاییکردنی مامەڵەی خانەنشینان بەڕێوەچوو.
وەك لە راگەیەنراوەكەدا هاتووە، لە کۆبوونەوەکەدا وەزیری دارایی دووپاتی لەسەر چڕکردنەوەی هەوڵەکان بۆ هەرچی زوو تەواوکردنی دۆسیەی خانەنشینان کردەوە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ڕێکارانەی پێشتر لەلایەن وەزارەتی داراییەوە گیراونەتەبەر کە خۆی لە دابەزاندنی دەسەڵاتەکان، کاراکردنی سیستم، دابینکردنی فەرمانبەر و زیادکردنی دەوامی بەڕێوەبەرایەتییەکان دەبینیەوە.
لە بەشێكی تری راگەیەنراوەكەدا هاتووە، هەر لە کۆبوونەوەکەدا دەرئەنجامی هەوڵەکان خرایەڕوو کە توانراوە لەماوەی ڕابردوودا کاروبارەکانی مامەڵەی خانەنشینان خێراتر بکرێت، لە سەرەتای مانگی شوباتەوە تا ئێستە زیاتر لە 10 هەزار و 200 مامەڵەی خانەنشینان تەواو کراوە، بۆ مانگی ئایار زیاتر لە دوو هەزار خانەنشینی تر ناوەکانیان داخلی لیستی مووچە دەکرێت و مووچەی پێنج مانگیان بۆ خەرج دەکرێت، داواش لە وەزارەت و فەرمانگەکان دەکرێت بەزوویی دۆسیەی ئەو فەرمانبەرانە بنێرن کە بڕیاری خانەنشینبوونیان بۆ دەرچووە.
لە كۆتایی راگەیەنراوەكەدا هاتووە، وەزیری دارایی داوای کرد پەلە بکرێت لە دەرکردنی رێنوێنی، بۆ جێبەجێ کردنی یاسای خانەنشینیی یەکگرتووی عێراق لەسەر سەرجەم ئاستەکان و گواستنەوەی دۆسیەی خانەنشینانی سەربازی لە وەزارەتی پێشمەرگەوە بۆ سەر وەزارەتی دارایی.