ناوەڕۆكی كۆبوونەوەی حكوومەت راگەیەنرا

:: PM:05:55:14/05/2025 ‌
بە سەرپەرشتیی مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆ بووەوە.

بڕگەی یەكەمی كۆبوونەوە، گفتوگۆكردن بوو لەسەر ڕەشنووسی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران لەبارەى "پڕۆژەی ڕووناكی" بۆ دابینكردن و دەستەبەركردنی خزمەتگوزاریی كارەبای 24 سەعاتی بۆ هاوبەشانی تۆڕەكانی كارەبای نیشـتیمانی بە شێوەیەكی فراوان و بە بەردەوامی و كەمكردنەوەی تێچووی بەكارهێنان و ڕێگریكردن لە بەهەدەردان و هاوسەنگی لە دابەشـكردن و پاراسـتنی ژیـنگە و تەندروسـتی گشـتی و جێبەجێكردنـی ئەم پـڕۆژە نیشتمانییە، لەلایەن كەرتی گشتی و وەزارەتی كارەبای حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە دەبێت.

بۆ ئەم بڕگەیەی كارنامەی كۆبوونەوەكە، وێڕای وەزیری كارەبا میوانداریی هەردوو بەڕێوەبەری گشتی دیوان و دابەشكردنی كارەبای هەرێم كرا بوو بۆ خستنەڕووی وردەكاریی پڕۆژەكە و وەڵامدانەوەی پرسیار و سەرنجەكان.

سەرۆك وەزیران لە سەرەتادا، ئاماژەی بە گرنگیی ئەم پڕۆژەیە كرد و ئاماژەی دا بەوەی كە ئەم پڕۆژەیە، بڕگەیەكی پەسەندكراوی كارنامەی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە كە لە لایەن پەرلەمانی كوردستانەوە لە مانگی تەمووزی 2019 پەسەندكرا و لەسەر بنەمای ئەو بەرنامەیە متمانە بە كابینەكە درا.

سەرۆك وەزیران، ئەم پڕۆژەیەی بە یەكێك لە دەسكەوتە گرنگەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی ناوبرد كە داوا و خواستی چەندین ساڵەی هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان بووە و مافێكی ڕەوا و سەرەتایی هاونیشتمانیانیش بوو كە بكرێتە ئەركی لە پێشینەی ئەم كابینەیە بۆ ڕێكخستنەوە و ڕیفۆرمیی جیددی لە كارەبادا.

سەرۆك وەزیران دووپاتیشی كردەوە كە دابینكردنی كارەبای 24 سەعاتى، پڕۆژەیەكی نیشتیمانییە كە خاوەندارێتی بۆ وەزارەتی كارەبایە و بە هێزی كاری خۆماڵی كەرتی گشتیی جێبەجێ دەكرێت و چەندین قازانج و سوودی گشتیی هەیە لە ڕووی ژینگەیی و تەندروستی و هەروەها خەرجییەكەشی بۆ زۆرینەی خەڵك كەمترە لەو پارەیەی كە هاووڵاتییان بە موەلیدە و پارەی كارەبای نیشتمانی پێكەوە، دەیدەن.

سەرۆك وەزیران داواشی لە هاووڵاتییان كرد كە بە شێوەیەكی بەرپرسیارانە و بە پێی پێویستیی خۆیان كارەبا بە كاربهێنن و بەفیڕۆی نەدەن، بەو پێیەی بڕی بەكارهێنانی كارەبا، لێرە بە دواوە لە ژێر كۆنتڕۆڵی هاووڵاتییان دەبێت و بە پێی بەكارهێنان پارە دەدەن، ئەمەش لە كۆتاییدا هاوكار دەبێت بۆ كەمكردنەوەی تێچووی كارەبا و بەكارهێنانەوەی داهاتی بەدەستهاتوو لە پاڵپشتی زیاتری هاوبەشانی تۆڕی كارەبای نیشتیمانی و سەرخستنی پڕۆژەكە و فراوانكردنی كە وا بڕیارە تا كۆتایی ساڵی 2026، تەواوی هاوبەشانی هەرێمی كوردستان سوودمەند بن لە خزمەتگوزاریی كارەبای بەردەوامی بیست وچوار كاتژمێری.

پاشان كەمال محەمەد ساڵح وەزیری كارەبا، ڕاپۆرتێكی بەرفراوان و بە داتا و زانیاریی وردی پێشكەش كرد و باسی لە وردەكارییەكانی پڕۆژەكە و قازانجەكانی بۆ هاووڵاتییان كرد، هەروەها ئاماژەی بەو چاكسازیانە كرد كە لە قۆناخی ئەزموونیی پڕۆژەكە ئەنجامدرا، بە ئاراستەی كەمكردنەوەی نرخی تێچووی كڕینی كارەبا لە لایەن هاووڵاتییان و پێشكەشكردنی پاڵپشتی دارایی بۆ ئاسانكاریی لە پێناوی خۆگونجاندنی هاووڵاتیان لەگەڵ پڕۆژەكەدا.

دواتر ڕەشنووسی بڕیـاری ئەنجـومەنی وەزیـران سـەبارەت بە پڕۆژەی كارەبای 24 سەعاتى "پڕۆژەی ڕووناكی" و وردەكارییەكانی بۆ ئەنجومەن خرایەڕوو بەمەبەستی گفتوگۆ و بڕیاردان.

لە دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە و وەڵامدانەوەی پرسیارەكانی ئەندامانی ئەنجومەنی وەزیران، ئەنجومەنی وەزیران پڕۆژە بڕیارەكەی بە كۆی دەنگ پەسەند كرد و وەزارەتی كارەبای ڕاسپارد بۆ دەركردنی ڕێنمایی پێویست بۆ ئاسانكاری جێبەجێكردنی بڕیارەكە كە هەر بە گوێرەی بڕیارەكە، لیژنەیەكی باڵا لە سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانەوە بە سەرپەرشتی سەرۆك وەزیران و بەشداریی جێگری سەرۆك وەزیران و وەزیرە پەیوەندیدارەكان پێكهات بۆ بەدوادچوون و هەڵسانگاندنی بەرەوپێشچوونەكانی پڕۆژەكە وسەرخستنی بە ئاراستەی خزمەتكردنی هاووڵاتییان و ڕەچاوكردنی بارودۆخیان بە تایبەتیش كەمدەرامەتان.

لە بڕگەی دووەمدا، گفتوگۆ لەبارەی ڕاسپاردنی وەزارەتەكان و لایەنەكانی نەبەستراو بە وەزارەت لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە كرا بۆ هاوئاهەنگی و هاریكاری دەستەی هاوبەشی وردبینی هەردوو دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵ و هەرێمی كوردستان كە ئێستە سەرقاڵی ئامادەكردنی ڕەشنووسی ڕاپۆرتی هاوبەشن لە سەر وردبینی دارایی هەرێمی كوردستان لەبەر ڕۆشنایی یاسای بودجەی گشتی فیدراڵ بۆ ساڵەكانی 2023، 2024 و 2025.

ئەنجوومەنی وەزیران وێڕای دووپات لە بەردەوامبوونی هاریكاری و هاوئاهەنگی لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ حكوومەتی فیدراڵ، لە هەمانكاتدا دووپاتی كردەوە كە دەبێ حكوومەتی فیدراڵ وەك هەرێمێكی فیدراڵ و قەوارەیەكی دەستووری ڕەفتار لەگەڵ هەرێمی كوردستان بكات و ڕێز لە مافە یاسایی و دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان بگرێت و بەشە بودجەی هەرێم وشایستە داراییەكانی لە بودجەی گشتی فیدراڵ بێ كێشە دابین بكات بە تایبەتیش كە هەرێمی كوردستان سەرجەم داواكارییە تەكنیكی و ژمێریاریی و یاساییەكانی حكومەتی فیدڕاڵیی سەبارەت بە لیستی مووچە و خانەنشینیی و تەرازووی پێداچوونەوە و دابینكردنی ژمارەی كەسی بێهاوتا بۆ سەرجەم مووچەخۆرانی هەرێم لە سەرجەم كەرتە جیاوازەكانی خزمەتی وەزیفیی جێبەجێكردووە و هیچ كەموكوڕییەكی تەكنیكی لەم ڕووەوە نەماوە تا بكرێتە بەهانە بۆ ڕاگرتنی خەرجكردنی شایستە داراییەكانی مووچەخۆرانی هەرێم كە مافێكی یاسایی ڕەوای مووچەخۆرانە و دادگای باڵای فیدڕاڵیش بە ئاشكرا دووپاتی لەم مافە كردووەتەوە.


وشە - سه‌رخێڵ هاشم