پارێزگاری دهۆك داوای چۆڵكردنی ناوچەكانی سنووری پارێزگاكەیان لە پەكەكە دەكات و دەڵێ، 30%ی گوندەكانی سنوورەكە وێران كراون.
ئەمڕۆ پێنجشەم 15ی ئایار، عەلی تەتەر پارێزگاری دهۆك رای گەیاند، بەهۆی ململانێی چەكداریی پەكەكە، دهۆك زۆرترین زیانی بەركەوتووە و 30%ی گوندەكانی پارێزگاكە وێران كراون و بەتەواوی چۆڵ كراون.
روونیشی كردەوە كە هاووڵاتییانی ئەو گوندانە زیاتر لە 38 ساڵە، بەهۆی بەردەوامیی گرژییەكان و بوونی چەكداران، نەگەڕاونەتەوە ناوچەكانیان.
عەلی تەتەر لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە دهۆك گوتی، پێویستە پەكەكە ئەو گوند و شاخانەی كە تێیدا جێگیرن، چۆڵ بكەن بۆ ئەوەی دانیشتووان بتوانن بگەڕێنەوە سەر ماڵوحاڵی خۆیان.
"حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەستی كردووە بە جێبەجێكردنی هەندێك پڕۆژەی ئاوەدانكردنەوە لە ناوچە زیانبەركەوتووەكان، لەوانەش قیرتاوكردنی ڕێگەی گەلیی باڵندە كە بەرەو ناوچەكانی نێروە و ڕێكان دەڕوات، جگە لە تەواوكردنی ئەو پڕۆژانە لە ناوچەكانی تری وەك ئەو گوندانەی كە دەكەونە بناری چیای گارە و چیای مەتین"، پارێزگاری دهۆك وای گوت.