ئومێد خۆشناو لەبارەی گۆڕانكاری لە پۆستەكەی هاتە دەنگ

:: PM:05:57:15/05/2025 ‌
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لەبارەی پرسیاری ئەوەى كە ئایا پارێزگاری هەولێر دەگۆڕدرێ‌، وەڵامی رۆژنامەنووسانی دایەوە. 

ئەمڕۆ پێنجشەم 15ی ئایاری 2025، لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا كە پەیامنێری "وشە" ئامادەی بوو، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، گوتی، ئەو گۆڕانكارییانەی دەكرێن ئاساییە، ئینجا لە خوار پارێزگار یان سەرووی پارێزگارەوە بێت. 

ڕوونیشی كردەوە، ئەوان پێشوازی لە هەر بڕیارێك دەكەن لەلایەن بڕیاردەرانەوە دەربچێت بۆ گۆڕانكاری لە پارێزگاری هەولێر.

خۆشناو ئەوەیشی گوت، تا ئێستە هیچ بڕیارێكی وا بۆ گۆڕانكاری نییە، ناشزانێ‌ كێ‌ كاندید دەبێت بۆ ئەو پۆستە. 

ئەو پرسیارەی ئاراستەی ئومێد خۆشناو كرا، لەسەر ئەو بنەمایە بوو كە هەفتەی رابردوو پارتی دیموكراتی كوردستان چەندان گۆڕانكاری لە ناوخۆی حزبەكەدا كرد، دەنگۆی ئەوەیش بڵاو بووەوە كە ئەو گۆڕانكارییانە پۆستە ئیدارییەكانیش دەگرێتەوە.


وشە - سه‌رخێڵ هاشم