وەزیری كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رای گەیاند، لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیراندا، سەرجەم وەزیرەكان دەنگیان بە نرخی كارەبای پڕۆژەی نیشتمانیی رووناكی دا.
رۆژی چوارشەمی رابردوو، ئەنجوومەنی وەزیرانی كوردستان نرخی كارەبای پڕۆژەی رووناكی پەسند كرد كە كارەبای 24 سەعاتی دەداتە هاووڵاتییان، جیا لە نەهێشتنی موەلیدە، نرخەكەی بەراورد بە رابردوو لەسەر خەڵكی هەرزانتر دەكەوێت.
ئەمڕۆ شەموو 17ی ئایار، عەبدوڵا حاجی مەحموود وەزیری كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراون، بە رۆژنامەنووسانی گوت، لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی كوردستاندا تەواوی وەزیرەكان دەنگیان بە نرخی كارەبای 24 سەعاتی داوە.
ڕوونیشی كردەوە، یەك لە وەزیرەكان كە وەزیری بازرگانی و پیشەسازی بوو، دەنگی نەدا، ئەگەرنا ئەوانی تر هەموو دەنگیان بە نرخی پڕۆژەكە دا.
ئەو لێدوانەی وەزیرەكەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە كاتێكدایە پێشتر بانگەشەی ئەوە دەكرا كە هەموو وەزیرەكان دەنگیان بە نرخی كارەبای 24 سەعاتی نەداوە.