ئەمڕۆ شەموو مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە سەردانێكی فەرمی و لەسەر بانگهێشتی حكوومەتی ئەمەریكا، بە سەرۆكایەتیی شاندێكی باڵا گەیشتە واشنتن.
لەم سەردانەدا بڕیارە سەرۆكی حكوومەت، زنجیرەیەك دیدار و كۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای حكوومەتی ئەمەریكا و كۆنگرێس ئەنجام بدات. هەروەها لەگەڵ وەبەرهێنەران و خاوەنكارانی ئەمەریكی گفتوگۆ لەبارەی پەرەپێدانی پێوەندیی ئابووری و بازرگانی دەكات.
تەوەرێكی سەرەكی گفتوگۆكانی سەرۆكی حكوومەت لەگەڵ بەرپرسانی ئەمەریكا، تایبەتە بە پتەوكردن و پەرەپێدانی زیاتری پێوەندیی و هاوبەشی ستراتیجیی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەمەریكا و تاوتوێكردنی دوایین گۆڕانكاری و پێشهاتەكانی دۆخی گشتیی عێراق و ناوچەكە.
سەرۆكی حكوومەت، هەروەها بەشداریی لە گفتوگۆیەكی تایبەتی كۆڕبەندی وزە لە واشنتن دەكات بە ناونیشانی "داهاتووی وزە لە هەرێمی كوردستان". كە ڕوانین و دیدگای هەرێمی كوردستان بۆ پەرەپێدانی كەرتی وزە دەخاتە ڕوو و و تیشك دەخاتە سەر دەرفەتەكانی وەبەرهێنان لەم كەرتەدا.