نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ مەسعوود پزیشكیان سەرۆك كۆماری ئیسلامیی ئێران كۆبووەوە.
ئەمڕۆ یەكشەم 18ـی ئایار، لە تاران نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ مەسعوود پزیشكیان سەرۆكی كۆماری ئیسلامیی ئێران كۆبووەوە.
لە كۆبوونەوەكەدا خۆشحاڵیی خۆیان بە ئاستی پێوەندییەكانی نێوان هەردوولا دەربڕی و داكۆكییان لە خواستی دوولایەنە بۆ برەودانی زیاتر بە هاریكاریی هاوبەش، بەتایبەتی لە بوارەكانی بازرگانی و ئابووریدا كردەوە.
نێچیرڤان بارزانی پابەندیی هەرێمی كوردستانی بە سیاسەتی دراوسێیەتیی باش لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش و ڕێز لەیەكگرتن دووپات كردەوە، هەروەها ئاماژەی بە هاوبەشی و پێوەندیی لە مێژینە و دێرینی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئێراندا كرد.
هەردوولا دوایین پێشهاتەكانی ناوچەكەیان تاوتوێ كرد و هاوڕا بوون لەسەر گرنگیی پاراستنی سەقامگیری و چارەسەری ئاشتییانەی كێشەكان، هەروەها چەند پرسێكی تری جێی بایەخی هاوبەش، خرانە بەرباس.