نووسەر و كەسایەتیی ئیسلامی رای گەیاند، ئیسلامییەكان ناتوانن هیچی تر بەشێوەیەكی بەرهەمدارانە درێژە بە كاری خۆیان بدەن، هەموو ئەو هۆكارانە وایانكردووە هیچ ئاسۆیەكیان لە بەردەمدا نەمێنێت.
ئەمڕۆ یەكشەم 18ـی ئایار، ئەبوبەكر كاروانی نووسەر و كەسایەتیی ئیسلامی رای گەیاند، لەم ماوەیەی دواییدا لای هەندێك دۆست باسی ئەوەم كرد كە دۆخەكە پێویستی بە خۆهەڵوەشاندنەوەی ئیخوانە.
دەشڵێت، هۆكاری ئەو بۆچوونە، چونكە ئەو ڕێكخراوە بەو بارە مێژووییە گرانەی سەرشانی، ئەو وێنا شێواو و وێرانەی لێی گیراوە، ئەو قەیرانە فیكرییەی تێیدا دەژیت، ئەو دوژمنایەتییە نێودەوڵەتی و هەرێمایەتییە گەورەیەی لێ دەكرێت، جیاوازیی رەگوڕیشەیی قۆناغەكە لەگەڵ ئەوكاتەی سەری تێدا هەڵداوە، ناتوانێ هیچیتر بەشێوەیەكی بەرهەمدارانە درێژە بە خۆی بدات.
باس لەوەش دەكات، هەموو ئەو هۆكارانە وایانكردووە هیچ ئاسۆیەكی لە بەردەمدا نەمێنێت و رۆڵی پێچەوانە بە ئەركەكانی ئێستە بگێڕێت، بۆیە لێپرسراوێتی ئیسلامی و ئەخلاقی و سیاسی داوای ئەوە لە سەركردە و بڕیاربەدەستەكانی دەكەن، بڕیاری عەقڵانی و ئازایانە بدەن و كۆتایی بە كۆمەڵ و ڕێكخراوەكە بێنن و بەفەرمی هەڵیبوەشێننەوە.
روونی كردووەتەوە، دابڕان لەگەڵ رابردوو دروست بكەن، بۆ ئەوەی ئەندام و جەماوەرەكەیان بە بیر و هەناسە و دیدێكی نوێوە لە فۆرمی جۆراوجۆری سیاسی یان مەدەنی یاخۆ هەردووكیان، خۆیان ڕێكبخەنەوە و كۆتایی بەو بازنە داخراوە پەنگخواردووە بێنن كە تێیدا دەژین.