جێگری سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رای گەیاند، لە ڕێگەی پڕۆژەی ڕووناكییەوە كارەبای بەردەوام دابین دەكرێت، هەژماری منیش بێ كێشەیە.
ئەمڕۆ یەكشەم 18ـی ئایار، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا كە پەیامنێری "وشە"یش ئامادەبوو ڕای گەیاند، پڕۆژەی ڕووناكی كارەبای 24 سەعاتی دابین دەكات و هاووڵاتییان سوودمەند دەبن، ئەو رەخنانەشی دەگیرێت، بۆ ئەوەیە هاووڵاتی تەنیا ئەو پارەیە ئەژمار دەكات كە دەیدات بە حكوومەت، بەڵام ئەو پارەیە حیساب ناكات كە مانگانە دەیدات بە موەلیدە.
زیاتر گوتی، ئەوانەی زیاتر كارەبا بەكار دەهێنن دەتوانن پارەی زیاتر بدەن و گرفتیان بۆ دروست نابێت، چونكە توانای ئەوەیان دەبێت، هاوكات هەوڵەكان بۆ ئەوەن چینی كەمدەرامەت بەتەواوی سوودمەند بێت و لە بەرژەوەندی ئەوان دەبێت.
لەبارەی پڕۆژەی هەژماری من روونی كردەوە، پێشتر تێبینیی زۆریان لەسەر هەژماری من هەبووە، بەڵام دوای كۆبوونەوە و لێكتێگەیشتنی پارتی و یەكێتی، تێبینییەكانیان لەسەر هەژماری من چارەسەر كراوە و ئێستە لێی رازین.
لەبارەی گرفتی بەغدا لەسەر داهاتی ناوخۆ و ئەو كێشانەی بۆ مووچە دروست دەكرێن، قوباد تاڵەبانی ڕای گەیاند، سەرەتا دەبێت داهاتەكان جیا بكرێنەوە، ڕەنگە هەندێك كەس لە بەغداوە نەتوانن جیاوازیی لە نێوان داهاتی خۆماڵی و فیدراڵی بكەن، دەبێت ئەو بابەتە پۆلێن بكرێت و جیا بكرێتەوە تا بزانرێت كام داهاتە بۆ بەغدایە و كامەش بۆ هەرێمە.