دوورخستنەی ناوچەكە لە كێشە و ئاڵۆزی تاوتوێ‌ كرا

:: PM:05:46:18/05/2025 ‌
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لە دیدارێكدا لەگەڵ عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی كۆماری ئیسلامیی ئێران، پێوەندیی دوولایەنە و چۆنیەتیی پەرەپێدانی هاوكاریی هاوبەشیان لە بوارە جیاجیاكاندا، تاوتوێ كرد.

بەگوێرەی راگەیەنراوی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان، هەردوولا ستایشی پێوەندییە دێرینەكانی نێوان ئێران و هەرێمی كوردستانیان كرد، دووپاتیان لەسەر خواستی دوولایەنە بۆ پەرەپێدانی پێوەندییەكان كردەوە، بە شێوەیەك خزمەت بە سەقامگیری و بەرژەوەندییە هاوبەشەكانی ئێران و عێراق بە هەرێمی كوردستانەوە بكات.

تاوتوێكردنی دۆخی ناوچەكە بەگشتی تەوەرێكی تری دیدارەكە بوو، تیایدا داكۆكییان لەسەر گرنگیی گفتوگۆ بۆ دوورخستنەی ناوچەكە لە كێشە و ئاڵۆزی كردەوە.


وشە - سه‌رخێڵ هاشم