خواستی قوتابیان لە خوێندنی ساڵی نوێ‌ جێگیر كرا

:: AM:09:57:19/05/2025 ‌
شێوازی جلوبەرگی نوێ بۆ ساڵی نوێی خوێندن لە قوتابخانەكان دیاری كرا، یەكێك لەو ڕەنگانەی قوتابیانی ئامادەیی هەمیشە گلەییان لێی هەبوو، نیلی و شین بوو، بەڵام بۆ ساڵی نوێی خوێندن ئەو ڕەنگە نەماوە.

بەپێی نووسراوێكی بەڕێوەبەرایەتیی دڵنیایی جۆری، لە ساڵی نوێی‌ خوێندن جلوبەرگی خوێندن گۆڕانكاریی بەسەردا هاتووە، لە باخچەی ساوایان، كچ كراسی پەمەیی لەگەڵ پانتۆڵ یان تەنوورەی ڕەساسی، كوڕ كراسی شین و پانتۆڵی ڕەساسی.

بەپێی نووسراوەكە، پۆلی یەك تا شەش، كچ تەنوورە یان پانتۆڵی ڕەساسی و قەمیسی سپی، كوڕ كراسی شین و پانتۆڵی ڕەساسی لەگەڵ قەمیسی سپی لەبەر دەكەن.

هەروەها پۆلی حەوت و هەشت و نۆ، كچ تەنوورە یان پانتۆڵی نیلی لەگەڵ كراسی سپی، كوڕ پانتۆڵی نیلی لەگەڵ كراسی سپی.

پۆلی 10 و 11 و 12، كچ تەنوورە یان پانتۆڵی ڕەش لەگەڵ كراسی سپی، كوڕ پانتۆڵی ڕەش لەگەڵ كراسی سپی.

ئەوە لە كاتێكدایە پێشتر قوتابیانی ئامادەیی گلەیی زۆریان لە رەنگیی جلوبەرگەكەیان هەبوو، بۆ ئەمساڵ ئەو داوایەی ئەوان جێگیر كراوە ئەو ڕەنگە نیلی و شینە نەماوە.

پێشتر وەزیری پەروەردە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رای گەیاندبوو، پێویستە بازرگانان پەلە نەكەن لە كڕینی جلوبەرگی خوێندن، چونكە گۆڕانكاریی تێدا دەكرێت.


وشە - رامیار جەواد