بەرزكردنەوەی پلەی فەرمانبەران لە مووچەی مانگی شەش دەست پێ‌ دەكاتەوە

:: PM:03:27:19/05/2025 ‌
وەزارەتی دارایی عێراق لیستێكی ناردووە بۆ هەرێمی كوردستان و داوای كردووە هەرچەند بەرزكردنەوەی پلە هەیە، لە لیستی مووچەی مانگی شەش داخل بكەن، چەند پلەی نریش هەن مافی خۆیانە، بۆیان بنووسن.

ئەمڕۆ دووشەم 19ـی ئایار، سەرچاوەیەكی باڵا لە وەزارەتی دارایی عێراق، بۆ "وشە" رای گەیاند، داوامان لە دارایی كوردستان كردووە لە لیستی مووچە بەرزكردنەوەی پلەی فەرمانبەرانی كوردستان داخل بكەن.

هاوكات سەرچاوەیەك لە یەكێك لە فەرمانگەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە "وشە"ـی راگەیاند، نووسراوێك و لیستێكی لەو شێوەیە هاتووە، بەرزكردنەوەی پلەی فەرمانبەران بۆ مانگی شەش داخل بكەن و بەغدا داوای كردووە.

ئەو سەرچاوەیە گوتی، داوا لە فەرمانگەكان كراوە ئەو لیستە بەوردی پڕ بكرێتەوە و هیچ فەرمانبەرێك مافی نەفەوتێت، سەرجەم زانیارییەكان لەسەر لیستی مووچەی مانگی شەش داخل بكەن.

ئەوە لە كاتێكدایە لە سەرەتای ئەمساڵ بڕیار بوو بەرزكردنەوەی پلە دەست پێ‌ بكاتەوە، بەڵام دارایی عێراق بە نووسراوێكی فەرمی بەرزكردنەوەی پلەی لە عێراق و كوردستان راگرت، بەڵام بەهۆی ئامادەنەبوونی خشتەی خەرجی و بودجە، سوودانی دەسەڵاتی بە دارایی عێراق دا كە بەرزكردنەوەی پلەی فەرمانبەران دەست پێ‌ بكاتەوە.



وشە - رامیار جەواد