پێنجشەم 22ی ئایار، مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە واشنتن، لەگەڵ برادلی سمیس بریکاری وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا کۆبووەوە.
بەپێی راگەیەنراوی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی چاکسازییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بواری دارایی و سیستەمی بانکی کرا.
بریکاری وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا، سەرسامی خۆی بە پێشکەوتنەکانی پڕۆژەی (هەژماری من ) نیشاندا و هەموو پشتیوانییەکی وەزارەتەکەی بۆ پڕۆژەکە و چاکسازییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەربڕی و گوتی پێزانینێکی زۆرمان بۆ هەوڵ و چاکسازییەکانی سەرۆکی حکوومەت لە کەرتە جۆراوجۆرەکاندا بە تایبەتی لە بواری داراییدا هەیە و ئەو چاکسازییانە دەکرێ ببنە نموونە بۆ وڵاتانی تریش.
سەرۆکی حکوومەت سوپاسی پشتیوانیی وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکای کرد لە چاکسازییەکان و پابەندبوونی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی بە چاکسازییە داراییەکان و بەدیجیتەڵکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان دووپاتکردەوە.