گەردی: خەزعەلی و هاوشێوەكانی پێشتر مووشەكبارانی هەولێریان دەكرد

:: PM:04:18:31/05/2025 ‌
چاودێرێكی سیاسی رای گەیاند، بەغدا لەوپەڕی لاوازی دایە و توانای ململانێی لەگەڵ كوردستاندا نییە، بەڵام ئەوەی روو دەدات، گرووپێكی دیاریكراون كە گوشار لەسەر حكوومەتی عێراق دروست دەكەن. 

ئەمڕۆ شەموو 31ی ئایاری 2025، حەسیبە گەردی، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی كوردستان و چاودێری سیاسی، بە "وشە"ی گوت، بەغدا لەوپەڕی لاوازی دایە و توانای ململانێی لەگەڵ كوردستاندا نییە، بەڵام گرووپێكن دەیانەوێ‌ گوشار لەسەر حكوومەتی عێراق دروست بكەن و قووتی خەڵكی كوردستان ببڕن.

ڕوونیشی كردەوە، خەزعەلی و هاوشێوەكانی لە رابردوودا، تەنیا پەروەردەی دژایەتیی كوردستانیان وەرگرتووە، لە كاتێكدا كوردستان لە گەشە و پێشڤەچوون بوو، ئەوان مووشەكبارانی هەولێریان دەكرد. 

گەردی باسی لەوەیش كرد، سەروەت و سامانی عێراق لەلایەن ئەو گرووپەوە بەتاڵان دەبرێ‌، ئێستە نەك بۆ كورد و سونە، بەڵكو ئەو گرووپە لەلایەن پێكهاتەكانی تری عێراقیش بێزراون و نەفرەتیان لێ‌ دەكرێت. 

بە بڕوای ئەو پەرلەمانتارەی پێشووی کوردستان، ئێستە كاتی گوشار دروستكردنە لەسەر عێراق، بۆ ئەوەی لەو دۆخەی تێیدایە بە تەواوی كێشەی كورد چارەسەر بكات، چونكە ئەگەر وا نەكات سەقامگیریی سیاسی نابینێتەوە.

ئەو پێشی وایە، كە سەرانی عێراق چاویان بەو گرێبەستە شەفاف و پێشڤەچوونانەی كورد هەڵنایەت لەبارەی وزە و نەوتەوە، بۆیە ئەو كێشانە دروست دەكەن.


وشە - سه‌رخێڵ هاشم