بەلاغی كۆبوونەوەكەی پیرمام

:: PM:04:27:31/05/2025 ‌
بەلاغی كۆتایی حزبە كوردستانییەكان بڵاو كرایەوە، دوای ئەوەی لە كۆبوونەوەكەی پیرمام بەشدار بوون. 

لە بەلاغەكەدا هاتووە، بەپێی دەستووری هەمیشەیی عێراق، بڕیاری دادگای فیدراڵی، یاسای فەرمانبەران و مووچەخۆرانی عێراق و ڕێككەوتنەكانی نێوان حكوومەتی هەرێم و حكوومەتی فیدراڵ، پێویستە حكوومەتی فیدراڵی پابەند بێت بە ئەرك و پابەندییەکانى خۆی بەرانبەر بە خەڵكی هەرێمی كوردستان و مافی مووچەخۆرانی هەرێم تێكەڵ بە ململانێیە سیاسییەكان نەكرێت.

دەقی ڕاگەیەنراوی كۆبوونەوەی هاوبەشی حزب و لایەنە سیاسییە كوردستانییەكان:
ڕێكەوتی 31ی ئایارى 2025، لە مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پیرمام، هێز و لایەنە سیاسییە كوردستانییەكان كۆبوونەوەیەكی هاوبەشمان ئەنجام دا، بەمەبەسیتی تاوتوێكردنی دۆخی سیاسیی كوردستان و عێراق، كێشە و گرفتەكانی نێوان هەرێم و حكوومەتی فیدراڵ، بەتایبەتی دوا بڕیاری نادەستووری و نایاسایی وەزارەتی دارایی حكوومەتی فیدراڵ و ڕاگرتن و نەناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان، دوای گفتوگۆكردن و ڕاگۆڕینەوەی پێویست لەسەر ئەم بابەتە، هەموو لایەنەكان هاوڕا بووین لەوەی كە ئەم بڕیارە بڕیارێكی سیاسییە دژ بە ئیرادەی گەلی كوردستان و قەوارەی سیاسی و یاسایی هەرێمی كوردستان.

بەپێی دەستووری هەمیشەیی عێراق و بڕیاری دادگای فیدراڵی و یاسای فەرمانبەران و مووچەخۆرانی عێراق و ڕێككەوتنەكانی نێوان حكوومەتی هەرێم و حكوومەتی فیدراڵ، پێویستە حكوومەتی فیدراڵی پابەند بێت بە ئەرك و پابەندییەکانى خۆی بەرانبەر بە خەڵكی هەرێمی كوردستان و، مافی مووچەخۆرانی هەرێم تێكەڵ بە ململانێ سیاسییەكان نەكرێت، هەروەها حكوومەتی فیدراڵ دوور بكەوێتەوە لە سیاسەتی برسیكردن و فشار خستنەسەر هەرێمی كوردستان، لەبەرئەوەی ئەم سیاسەتە جگە لە قووڵكردنەوەی گرفتەكان، نادیدەگرتنی گۆڕانكارییە زۆر و خێراكانی ناوچەكەشە، بۆیە لە بەرژەوەندیی هیچ لایەكدا نابێت.

ئێمە وەكو هێز و لایەنە سیاسییەكانی گشت پێكهاتەكانی كوردستان، وێڕای سوپاس و پێزانینمان بۆ خۆڕاگریی مووچەخۆران، فەرمانبەر، پێشمەرگە، مامۆستایان و گەلی سەربەرزی كوردستان بەگشتی، دووپاتی دەكەینەوە كە هەڵوێست و بڕیار و هەنگاوەكانمان بە ئاراستەی بەرژەوەندیی هاووڵاتییان و هەرێمی كوردستان دەبێت و بژاردەی گفتوگۆ و دانوستان بە باشترین ڕێگەچارە دەزانین بۆ ئەم قۆناغە، لە هەمان كاتدا گشت بژاردەكان بە كراوەیی دەبینین لە بەردەممان، لە پێناو بەرژەوەندییە باڵاكانی هەرێمی كوردستان.
حزب و لایەنە كوردستانییەكان:
1. یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان
2. بزووتنەوەی گۆڕان
3. پارتی سۆسیالست دیموكراتی كوردستان
4. بزووتنەوەی ئیسلامیی كوردستان
5. حزبی شیوعی كوردستان
6. بزووتنەوەی پەیوەندیی ئیسلامیی كوردستان
7. حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان
8. پارتی ڕەنجدەرانی كوردستان
9. پارتی پارێزگارانی كوردستان
10. یەكێتیی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان
11. بزووتنەوەی دیموكراتی گەلی كوردستان
12. پارتی نەتەوەیی كوردستان
13. بزووتنەوەی ڕزگاری دیموكراتی كوردستان
14. حزبی پێشكەوتنخوازی دیموكراتی كوردستان
15. پارتی بنیادی دیموكراتی كوردستان
16. بزووتنەوەی ئاشتیخوازانی كوردستان
17. هاوپەیمانی نیشتمانی
18. حزبی ڕزگاری كوردستان-دەستەی سەرۆكایەتی
19. پارتی دیموكراتی توركمان
20. پارتی نیشتمانی توركمان
21. پارتی ڕزگاری نەتەوەیی توركمان
22. پارتی یەكگرتووی توركمان
23. بزووتنەوەی توركمانی بێلایەن
24. پارتی گەشەپێدانی توركمان
25. پارتی چاكسازی توركمان
26. پارتی گەلی توركمانی عێراق
27. بەرەی توركمانی
28. بزووتنەوەی دیموكراتی توركمان
29. پارتی گەزەنگی توركمان
30. پارتی ئیرادەی نیشتمانی توركمان
31. پارتی توركمان ئیللی
32. لیستی میللەت
33. لیبراڵی توركمانی
34. پارتی یەكێتیی دیموكراتی كلدانی
35. پارتی ئەنجوومەنی نەتەوەیی كلدانی
36. حزبی دیموكراتی بێت نەهرێن
37. پارتی ئەنجوومەنی میللی كلدانی سریانی ئاشووری
38. ڕەوتی شلاما
39. پارتی بزووتنەوەی گردبوونەوەی سریانی
40. كۆمەڵەی ڕۆشنبیری ئەرمەن
41. دەستەی كارگێڕی بەڕێوەبردنی تائیفەی ئەرمەن
42. ڕابیتەی كلدانی جیهانی
43. پارتی دیموكراتی كوردستان


وشە - سه‌رخێڵ هاشم