سەركردەیەكی رەوتی حیكمە رای دەگەیەنێت، پێش جەژن مووچەی فەرمانبەرانی كوردستان خەرج دەكرێت، سوودانی هادی عامریی راسپاردووە تا لە هەولێر ئەو كێشەیە چارەسەر بكات.
ئەمڕۆ شەموو 31ی ئایاری 2025، رەحیم عەبوودی سەركردەی رەوتی حیكمە رای گەیاند، هادی عامری لە ماوەی 24 سەعاتی داهاتوودا سەردانی هەولێر دەكات، بۆ ئەوەی كێشەكان چارەسەر بكات.
ڕوونیشی كردەوە، سوودانی داوای كردووە عامری لە هەولێر كێشەكان چارەسەر بكات.
ئەو سەركردەیەی رەوتی حیكمە بە كەناڵی كوردستان 24ی گوتووە، پێش جەژن مووچە دەدرێت بۆ ئەوەی دواتر كێشەكان چارەسەر بكرێن.
هەروەك دووپاتی لەوە كردەوە، ئێستە دۆخی هەڵبژاردن و گوشاری نێودەوڵەتی بەسەر عێراقدا زاڵە، ئەوەیش كاریگەری لەسەر كێشەكان دروست كردووە.
لێدوانی ئەو سەركردەیەی حیكمە لە كاتێكدایە، ئەمڕۆ لە پیرمام كۆبوونەوەی حزبە سیاسییەكان كرا و دووپات كرایەوە، دەبێت عێراق پابەندی دەستوور و بڕیارەكانی دادگای فیدراڵ بێ، بە جۆرێك قووتی خەڵكی كوردستان نەخاتە ناو ململانێیەكانەوە.