راوێژكارێكی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، دەقی بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی بڵاو كردووەتەوە لەبارەی پێدانی قەرز لەبری مووچە بە هەرێمی كوردستان، روونی كردووەتەوە، بەپێی بڕیارەكەی دادگا، نابێت قەرز بدرێت بە هەرێمی كوردستان لەبری مووچە، چونكە مووچە مافێكی سەرەتایی مووچەخۆرانە و دەبێت وەزارەتی دارایی فیدراڵ پابەند بێت بە تەمویلكردنی.
ئەمشەو شەموو، 31ی ئایاری 2025، د.هاوڕێ كەمال، راوێژكار لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، دەقی بڕیارەكەی دادگای باڵای فیدراڵی داناوەتەوە و روونی كردووەتەوە، بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی ژمارە (224) و یەکخراوەکەی (269/اتحادية/2023) لە 21ی شوباتی 2024، تایبەت بە مووچەی مووچەخۆرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە بڕگەی یەکەم و حەوتەمی بڕیاری حوکمەکەدا هاتووە، نابێت قەرز بدرێت بە هەرێمی کوردستان لەبری مووچە.
هەروەك لە بڕیارەكەی دادگای باڵای فیدراڵیدا هاتووە، مووچە مافێکی سەرەتایی مووچەخۆرانە و پێوستە وەزارەتی دارایی فیدراڵی پابەند بێت بە تەمویلکردنی مووچە.
جێگەی ئاماژەیە، جگە لە بڕگەی یەكەم و حەوتەمی بڕیارەكەی دادگای باڵای فیدراڵ، لە بڕگەی شەشەمیشدا هاتووە، هیچ كاتێك نابێت كێشەكانی نێوان هەردوو حكوومەتی هەرێمی كوردستان و عێراق، ببنە هۆكاری پێنەدانی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان و پێدانی مووچەیش لە ئەستۆی وەزارەتی دارایی حكوومەتی فیدراڵە.