دوای بڕیارەكەی وەزارەتی دارایی عێراق لە دژی خەڵك و مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان، بەوەی چیتر پارەی مووچە رەوان ناكەن، ناڕەزایەتیی جەماوەری لە دژی ئەو بڕیارەی بەغدا لەوپەریدایە، كەچی بەشێك لە فراكسیۆنە كوردییەكان لە پەرلەمانی عێراق هێشتا پشتی بەغدا و ناراستەوخۆ پشتی بڕیارەكە دەگرن، لەوانەش فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی، دوای كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەی ئەمڕۆی فراكسیۆنی یەكگرتوو، فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق وەڵامی ئەوانی دایەوە.
لە دەقی وەڵامەكەی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق هاتووە، لای خەڵكی هەرێمی كوردستان و عێراق ئاشكرایە، كە بێ هیچ هۆكارێك و لەم كاتەدا كە بەرەو جەژنی پیرۆزی قوربان دەچین، بە بڕیارێكی نادەستووری و نایاسایی و تەواو سیاسی، كە دژی پڕەنسیپەكانی پێكەوەژیان و شەراكەتە لە عێراقی نوێدا، مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان لە لایەن حكوومەتی عێراقی فیدراڵ راگیراوە.
بەداخەوە لەپاڵ ئەم ستەم و زۆرەی لە گەلەكەمان دەكرێت، زۆرجار بەشێك لە فراكسیۆنە كوردییەكانیش رۆڵی پارێزەر دەبینن لە هێنانەوەی ئەو پاساوانەی بۆ بڕینی قووت و مووچە و دەستخستنە قوڕگی خەڵكی هەرێمی كوردستان دەهێنرێنەوە، نموونەی ئەمڕۆشمان فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان و موسەننا ئەمین بوو، كە قسەكانی سەرۆكوەزیرانی عێراقیان بۆ كوردی وەرگێڕا، لەبری ئەوەی وەك نوێنەری خەڵكی كوردستان دژی ئەو ستەمە بوەستنەوە، بوون بە گوتەبێژ و وەرگێڕ و دەمڕاستی ئەوانەی مافی خەڵكی كوردستانیان بە ناهەق پێشێل كردوو، بە جۆرێك دەریانخست كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان و خەڵكەكەی بەرپرسیارن لە خوڵقاندنی ئەم دۆخە.
هەموو لایەك ئاگەدارن ئەوان و هاوشێوەكانیان دەمێكە بۆ دەركردنی كۆمەڵە بڕیارێك لە دژی خەڵكی كوردستان، بەردەوام چاوساغی بۆ نەیارانی گەلی كوردستان و عەقڵییەتە شۆڤێنی و تایفییەكان دەكەن. چونكە لە بنەڕەتدا بڕوایان بە قەوارەی هەرێمی كوردستان و دۆزە رەواكەی نییە، بەردەوام بەدوای ئەوەدا بوون چیی لە دژی هەرێمی كوردستانە بیكەن و وەك راوێژ بیدەنە نەیارانی گەلی كوردستان، لێرەدا داوایان لێ دەكەین ئەگەر ناتوانن و ناشیانەوێ بەرگریكاری مافەكانی گەلی كوردستان بن، ئەوە با بێدەنگ بن و دەستبەرداری ئەو یارییە هەرزانە و فیتنەگێڕی و ئەو مونافیقیە بن و چیتر دژی بەرژەوەندی و دەستكەوتەكانی گەلی كوردستان نەوەستنەوە.
لە كۆتاییدا داوا لە هەموو فراكسیۆنە كوردستانییەكان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و لایەنە سیاسییەكان لە هەرێمی كوردستان دەكەین، لەم پرسەدا یەك دەنگ و یەك هەڵوێست لەگەڵ مافی خەڵكی هەرێمی كوردستان بمێننەوە، چونكە ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان، نە خێرە و نە سەدەقەیە تا موزایدەی پێوە بكرێت، بەڵكو مافێكی شەرعی و یاساییە و نابێت چیتر وەك كارت و گوشاری سیاسی بەكاربهێنرێت و مافەكانیان زیاتر لەمە پێشێل بكرێت.