یەکگرتوو رەخنەباران دەکرێ.. سوودانی خۆی دەیتوانی ئەو قسانە بکات

:: PM:09:34:03/06/2025 ‌
رەخنەی توند لە فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی گیرا، لەسەر ئەو قسانەیان کە دوای سەردانی سوودانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ئاشکرایان کرد و وەک پارێزەری سەرسەختی عێراق دەردەکەوتن. 

توانا عوسمان، نووسەر لەو بارەیەوە نووسیویەتی، ئەم دیاردەیە وەک سەتان دیاردەی تری سیاسی لە هەرێمی کوردستاندا ناشیرینە، شاندێک دەچێتە لای سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق، دێتە دەرێ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنوسیدا دەڵێت: سوودانی گوتی، سوودانی نیگەران بوو، سۆودانی پێی وایە و ڕەخنەی هەیە و...هتد.

"خۆ سوودانی، سیستانی نییە و تەمەنی 94 ساڵ بێت و بڕوای بە کۆنگرەی ڕۆژنامەنووسی نەبێت، ئەو کەسێک نییە توانای قسەکردن و سەردانکردن و بەیاننامەنووسینی نەبێت، ئەو خۆی دەتوانێ ئەگەر شتێکی هەیە بە دەنگی بەرز بیڵێت و بە زمانی کوردیش تەرجوومە بکرێت". توانا عوسمان وای نووسیوە.

هەروەها ئاراستەکەی قسەکانی روو لە یەکگرتوو کردووە و دەڵێ، ئێوە کە سەردانی سوودانی دەکەن دەبێت فشاری لێ بکەن، ئەسڵەن نەک سەردان بەڵکو بە جموجۆڵی سیاسی و پەرلەمانی و جەماوەری فشاری لێ بکە نەک لە دانیشتنی داخراودا کە ئێمە دڵنیانین چی دەڵێن، ئێمە ڕای سوودانیمان ناوێت، چونکە مەعلومە و ئێمە کرداری سوودانی دەبینین کە ڕاگرتنی مووچەکەیە.

لەلایەکی ترەوە، ئامانج خۆشناو، چاودێری سیاسی، بۆ "وشە" گوتی، ئەوەی یەکگرتوو کردی قسەکانی خەزعەلی و سەرانی عێراق بوو، ئەوان تەنیا رۆڵی وەگێڕان و گەیاندنەکەیان گێڕاوە.

روونیشی کردەوە، ئەو قسانە خزمەت بە پێوەندیی هەردوو حکوومەت ناکات و پێویستە سنووردار بکرێ.

هەر ئەمڕۆ، فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق، رای گەیاند، لای خەڵكی هەرێمی كوردستان و عێراق ئاشكرایە، كە بێ هیچ هۆكارێك و لەم كاتەدا كە بەرەو جەژنی پیرۆزی قوربان دەچین، بە بڕیارێكی نادەستووری و نایاسایی و تەواو سیاسی، كە دژی پڕەنسیپەكانی پێكەوەژیان و شەراكەتە لە عێراقی نوێدا، مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان، لە لایەن حكوومەتی عێراقی فیدراڵ راگیراوە.


وشە - سه‌رخێڵ هاشم