پەرلەمانی عێراق: نابێت مووچەی خەڵك بە پرسە سیاسی و تەكنیكییەكان ببەسترێتەوە

:: PM:08:12:04/06/2025 ‌

دوای نووسراوەكەی وەزارەتی دارایی عێراق بە رەوانەنەكردنی پارەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم، ناڕەزایەتییەكی گەورەی جەماوەری و فەرمی لەسەر ئاستەكانی هەرێم و عێراق دروست بووە، ئەمشەو سەرۆكایەتیی پەرلەمانی عێراق داوای لە حكوومەتی فیدراڵی كرد بۆ پاشەكشەپێكردنی ئەم بڕیارە، چونكە نابێت مووچەی خەڵك بە پرسە سیاسی و تەكنیكییەكان ببەسترێتەوە.

لە دەقی راگەیەندراوەكەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی عێراق هاتووە، ئەم كارە زیانی گەورە بە هاووڵاتییانی هەرێم دەگەیەنێت و دەبێتە هۆی دروستبوونی قەیرانێكی ئابووری، سەرۆكایەتیی پەرلەمان دووپاتی كردەوە، بڕیارەكە پێچەوانەی یاسا و دادپەروەری و هەروەها پێچەوانەی بڕیاری دادگای فیدراڵی و دەستووری هەمیشەییە.

لە بەیاننامەكەدا سەرۆكایەتیی پەرلەمانی عێراق داوا لە حكوومەتی فیدراڵی دەكات بۆ پاشەكشەپێكردنی ئەم بڕیارە، بە تایبەتی لە سەروەختی جەژنی قورباندا و دەڵێت، نابێت مووچەی خەڵك بە پرسە سیاسی و تەكنیكییەكان ببەسترێتەوە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل