ئۆجەلان بەسەركردایەتی پەكەكە دەڵێت: ئێوە لێم تێناگەن بەڵام دەوڵەت باخچەلی لێم تێدەگات

:: PM:12:06:09/06/2025 ‌
ئۆجەلان لەنوێترین نووسینیدا كە وەك دیدگا بۆ 12 هەمین كۆنگرەی پەكەكەی ناردووە، بەسەركردایەتی و كادیرانی حزبەكەی دەڵێت، ئێوە لەمن ناگەن و بەڵام دەوڵەت باخچەلی لەمن دەگات.

لە دەقی ئەو دیدگایەی ئۆجەلان  كە بۆ 12هەمین كۆنگرەی پەكەكە ناردووە و لە دوا ژمارەی رژنامەی  "سەرخۆبوون" بڵاوكراوەتەوە دەڵێت: ئێوە قۆناغی ئاپۆ لە كارەكتەری ڕێبەرێتییدا، زۆر بەكەمی لێی تێگەیشتوون، لێی تێ ناگەن.

ئۆجەلان دەنووسێت:  ئێوە دەڵێن، ڕاستی ڕێبەرێتی، بەڵام ئەم ڕاستییە چییە، ئێوە لێی تێ ناگەن. گەل پەرتەوازەیە، ئیفلیج بووە، هێزی تێگەیشتنی نییە. كادرەكان بەگوێرەی پێویست نین. 50 ساڵە، سەرسامی و مەسیحایەتیی كورد، گرێدراوی ئەم ڕاستییەیە. 
ئۆجەلان باسی ئەوەشی كردووە، پەیدابوونی ڕێبەرێتی لەنێو پەكەكەدا، خاڵی وەرچەرخانە لە مێژوویی كورددا. لانی كەم، هێندەی هۆشیاربوونەوەی كورد و شۆڕشی ژیانەوە، گرنگە.
 

لەنووسینەكەی ئەوەشی گوتووە،  ئەوە 50 ساڵە چاوەڕێی تێگەیشتنێكی ڕاستم، هەر دەیڵێم و دەیڵێم و دیسان دەیڵێمەوە. لە ڕاستی ڕێبەرێتی تێ نەگەیشتوون، لە پەكەكە تێ نەگەیشتوون، لە كوردی ئازاد تێ نەگەیشتوون، لە كوردستان تێ نەگەیشتوون. پێداگرن لەسەر پاشڤەڕۆیی. بۆیە پێشناكەون و نابنە ڕێبەر. بۆ ئەوەی بتانكەم بە بەشێك لە ڕێبەرێتی ڕاست، 50 ساڵە هەوڵ و تێكۆشانێكی بێ‌وچانم داوە.

"تا ڕاستی ڕێبەرێتی بەدرووستی تێنەگەن و ڕوونەكەنە ئەم ڕاستییە، ناتوانن بچنەپێش، چ جای ببنە پێشەنگی كۆمەڵگە. بگرە ناتوانن خۆشتان بەڕێوەببەن. توانایەكی لەڕادەبەدەرم هەیە بۆ گوفتار و كردار، پێشكەشی ئێوەی دەكەم، هەوڵدەدەم بەزۆرەملێش بێت بە ئێوەی بدەم، بەڵام ئێوە هێشتا وەری ناگرن. پێداگرن لەسەر ئەوەی خۆتان وەك بنبەستێك پیشان بدەن. بۆچی؟ ئەمە گرنگە، چونكە كارەكە جدییە". عەبدوڵا ئۆجەلان وا دەڵێت.

 لەدرێژەی نووسینەكەیدا دەڵێت: گەیشتووین بە بنبەستی پەكەكە و چارەسەرمان بۆ دۆزیوەتەوە، واتە كۆتاییهێنان بە كاری ڕێكخستنی لەژێر ناوی پەكەكە، پێویستە هەنگاوێكی مەزن بنرێت، ئەوە جێی سەرنجە، ئەم هەنگاوە لەلای ئێمەوە نەنرا، لەلایەن كەسێكەوە نراوە كە هەمیشە دژی من تێكۆشاوە، هەموو كاتێك بۆ لەسێدارەدانی من هەرچی لەدەست هاتووە كردووییەتی، كەسێك لەسەر بنەمای هەستیاریی توركبوون بووەتە پارت و حزب، لەنێو حزب و دەوڵەتدا بووەتە دەنگ و دەستێكی كاریگەر، ئەویش دەوڵەت باخچەلییە، ئەو كەسەیە كە دەرگای بەسەر ئەم قۆناغە نوێیەدا كردەوە. 



وشە - سۆران عەزیز