لەو شوێنەی حكوومەتی عێراق كۆمەڵكوژی تێدا كرد گەنجانی سلێمانی كتێبیان بەخشییەوە

:: AM:10:29:10/06/2025 ‌
ڕێكخراوی "پڕۆژەی كتێب" بەهاوبەشی لەگەڵ هاوڕێیانی خوێندنەوە خۆراكێكە بۆ مێشك، لە پاركی ئازادی لە سلێمانی، كتێبیان بەسەر مناڵانی كورددا دابەش كرد.

ئاریان عومەر یەكێك لە سەرپەرشتیارانی پڕۆژەكە، بۆ "وشە" گوتی، دوێنێ دووشەم لە سلێمانی لە پاركی ئازادی، كتێب بەسەر منداڵاندا دابەش كرا و ئامانجیش لە كارەكە، ئاشناكردنی نەوەی نوێی كوردە بە كتێب.

ئەوەشی گوت، هەر بە ڕێكەوت، دوێنێ هاوتا بوو لەگەڵ 62 ساڵەی كۆمەڵكوژیی خەڵكی سلێمانی لەلایەن سەرباز و جەلادەكانی دەوڵەتی عێراق كە تێیدا هەر لەم جێگەیەی ئێمە كتێبمان دابەش كرد، لە  پاركی ئازادی دەیان مرۆڤی كورد گولەباران كران و هەندێكیان هێشتا هەر زیندوو بوون كە خۆڵیان بەسەردا كرا و نێژران. هاوكات سەتان كەس لە خەڵكی شار، بۆ ماوەی چەند ڕۆژێك بەبێ خۆراك، بە كۆمەڵ هەر لەو شوێنەدا گیرابوون.

ئەمڕۆ لە هەوای ئازادیدا ئێمە ئەم چالاكییەمان كرد، بەبێ ئەوەی لە یادمان بێ ڕێك لە هەمان ڕۆژدا و پتر لە شەست ساڵ لەمەوبەر چی لێرە قەوماوە!

ئاریان باسی لەوەش كرد، ئەم ئازادی و ژیانی سەربەستییەی هەیە، بەهەموو كەموكورتییەكانیەوە جوانی و مەزنییەكی بێ هاوتای هەیە. پێم وایە خەڵكی ژیر كە ڕەخنەی هەیە، ناهەقی نییە و دەیەوێ ئەوەی هەیە زۆرباشتر بێ، دەنا كوردێك ئاشنای ڕابردووی خۆی بێت، هەرگیز ئەم دۆخە ناگۆڕێتەوە بە سەردەمی حوكمڕانیی ڕاستەوخۆی بەغدا.



وشە - سۆران عەزیز